موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک: هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، موەلیدەکانمان هەڵدەکەین

25-04-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک رایگەیاند، کێشەی کوژاندنەوەی کارەبای موەلیدە لە دهۆک چارەسەرکراوە و لەمەودوا ئەگەر کارەبای نیشتمانی بڕدرا موەلیدەکان کاردەکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-04-2024 هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوو رۆژە کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە، رۆژانە موەلیدەکان لەنێوان 13 بۆ 15 کاژێر کاریان کردووە." 
 
بە گوتەی هەکار هرووری، بۆ ئەوەی موەلیدەکان بەردەوامبن لە کارکردن، رۆژانە لە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان تاوەکو 04:00ـی بەیانی، 09:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ و 3:00ـی دوانیوەڕۆ تاوەکو 05:00ـی ئێوارە موەلیدەکانیان کوژاندووەتەوە بەمەبەستی پشوودان. 
 
کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و کارنەکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان ناڕەزایی هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆکی لێکەوتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، دەبێت کارەبای موەلیدە بدرێتە هاووڵاتیان."
 
لە پارێزگای دهۆک 2500 موەلیدە هەن. هەکار هرووری دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و قایمقامیەت قسەیان کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە سبەی بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. 
 
ئەندازیار شەعبان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆکی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی 700 مێگاوات لە کارەبای گشتی کەمبووەتەوە، پشکی دهۆک کە 500 مێگاوات بوو، بۆ 350 مێگاوات کەمبووەتەوە، بەڵام لەمڕۆوە زیاتر دەبێت.
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک دەڵێت، پێشتر 13 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرا، بەڵام ئێستا بۆ شەش کاژێر کەمبووەتەوە. 
 
هەر ئەمڕۆ، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوت، وەزارەت دوو رۆژە دەستی بە چاککردنەوەی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی بووە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی، سبەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنێکی تورکی.

تورکیا: هەفتەی رابردوو زیاتر لە هەزار پێگەمان بۆردوومان کردووە و 14 گەریلا و شەڕڤان کوژراون

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە هەفتەی رابردوودا لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان ئەنجامدراون، 14 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە و هەسەدە تاوەکو ئێستا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.