رووداو دیجیتاڵ
شیفا گەردی بووەتە هاندەر بۆ کچانی کورد کە زیاتر لە بواری خۆیان هەوڵ بدەن. کچێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دروستکردنی وێنەی شیفا، رێز و خۆشەویستی بۆ قوربانیدانی ئەو رۆژنامەڤانە بوێرە پێشاندەدات.
رۆژین موسازادە، وێنەکێش دەڵێت: "لە منداڵیەوە زۆرم وێنە کێشان پێخۆش بوو، هەرچیەک دەهاتە بەر دەستم دەمکێشاوە، ئەو وێنانەی لە سەر کتێبەکانیشم بوون ئەوانیشم دەکێشاوە، دواتر کە بابم دیتی من زۆرم ئەو کارە پێ خۆشە منی ناردە لای مامۆستا سونیا یوسفی کە دوو ساڵە لەگەڵم ماندوو بووە و بە شێوازی ئاکادێمی ئەو کارانەی فێر کردووم دەست خۆشی لێ دەکەم".
رۆژین حەز بە وێنەکێشان دەکات و باوکی کە وێنە کێشراوەکانی کچەکەی دەبینێ، رۆژین دەباتە لای مامۆستای وێنەکێش بۆ ئەوی بەشێوەی ئەکادیمی فێری ئەو کارە ببێت.
رۆژین دەڵێت: " دوو ساڵە کە من کاری وێنەکێشان دەکەم وبە دوو شیوازی ئاو رەنگ و قەڵەمی رەش،ئەو وێنەی کە دەیبینن خاتوو شەهید شیفا گەردییە رۆژنامەڤانی کەناڵی رووداو، ئەو کات کە شەهید بوو لە ماڵێدا زۆر زۆر نارەحەت بووین و زۆرمان پەروش بوو، بۆ رێزلێنان ویستم وێنەکەی بکێشمەوە."
خۆشەویستیی شیفا گەردی لەنێو ماڵباتەکەی وادەکات رۆژین لە ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ وێنەیەکی شیفا گەردی بکێشێت و بە وردی کاری لەسەر بکات.
حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، شیفا گەردی، رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی ئەنجامدانی کارێکی رۆژنامەڤانیدا، بەهۆی مینێکی چێندراوی چەکدارانی داعشەوە لە موسڵ شەهید بوو.
رووداو ساڵانە بەشێوەیەکی شایستە یادی شیفا بەرز رادەگرێت و خەڵاتێک بەناوی شیفاوە، وەک سیمبولی ئازایەتی پێشکێشی رۆژنامەڤانێکی سەرکەوتووی ژن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ