رووداو دیجیتاڵ
لەیلا مۆلانا ئالێن، پەیامنێری ناسراوی PBSـی ئەمریکی بووە براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2025 بۆ رۆژنامەڤانی لە بواری رووماڵکردنی ململانێیەکان. لە رێورەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، لەیلا باسی لە گرنگیی رووماڵکردنی چیرۆکی خەڵکی ناوچە قەیراناوییەکان کرد و جەختی لەسەر پاراستنی رۆژنامەڤانان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا کردەوە.
لەیلا لە باوکێکی بەریتانی و دایکێکی ئێرانی لە لەندەن لە دایکبووە. ئێستا پەیامنێری کەناڵی ئەمریکیی پێ بێ ئێسە و سەرنجی راپۆرتەکانی لەسەر ناوچەکانی ململانێی و جەنگە.
خانمە پەیامنێرەکە لە ناوچە سەختەکانی وەک غەززە، کەرتی رۆژئاوا، سووریا و سوودان رووماڵی جەنگ و نەهامەتییەکانی کردووە. هەروەها رووماڵی هەواڵەکانی ناوچەکانی دیکەی ئەفریقا و بەریتانیاشی کردووە. لەگەڵ چەندین تۆڕی هەواڵی بەناوبانگی جیهانی، لەوانە جەزیرەی ئینگلیزی، ئێن بی سی نیووز و بی بی سی کاریکردووە.
خانمە پەیامنێرەکە بردنەوەی خەڵاتەکە بە "شانازییەکی گەورە" ناودەبات و دەڵێت: "سوپاسی دادوەران دەکەم بەرامبەر ئەم رێزلێنانەیان لە کارەکەم. هەروەها سوپاس بۆ هونەرمەند حەمید نیکخا بۆ دیزاینکردنی ئەم خەڵاتە جوان و سرووشبەخشە. زۆر دڵخۆشم کە بوومەتە براوەی ئەم خەڵاتە لە یادکردنەوەی شیفادا و دەچمە ریزی براوەکانی دیکەوە."
لەیلا جگە پەیامنێری جەنگی، وەک فیلمسازیش کاریکردووە. لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەکەلۆریای لە بواری مێژووی کۆن و هاوچەرخ، هەروەها لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ماستەری لە بواری رۆژنامەڤانیدا بەدەستهێناوە.
"کاری هەرە لەپێشینەم هەمیشە ئەو کەسانە بوون کە دەبنە بابەتی سەردێڕەکانمان،" ئەمە بەشێکە لە گوتاری مۆلانا ئالێن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا. لە گوتارەکەیدا، سوپاسی هاوکارەکانی لە بەرنامەی "نیوز ئاوەر" کرد، بە تایبەتی سارا جەست، مۆرگن تێڵ و ڤیدیۆگرافەرەکانیان؛ ئێرک ئۆ کۆنەر، جۆرگن سامسۆ و ئێلنتخۆشینۆ.
وەک منداڵێک کە لەنێو نەهامەتی و جەنگدا گەورەبووە و لە دایکێک کە هەڵاتووی جەنگ بووە، مۆلانا ئالێن جەختی کردەوە کە "هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک بە چاوێکی دیکە سەیری خەڵکی ناوچەکانی جەنگم نەکردووە." هەروەها باسی لەوە کرد کە رووماڵکردنی ململانێیەکان "کارێکی خێرا و مەترسیدارە و گوشارێکی گەورەی هەیە."
مۆلانا ئالێن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئاستی مەترسی بەرزی سەر رۆژنامەڤانان، بە تایبەتی ئەوانەی سەربەخۆ کار دەکەن، و داوای کرد پیشەسازی راگەیاندن کارێکی باشتر بکات بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان لە ژینگە پڕ مەترسییەکاندا. "ناکرێت راهێنان، کەلوپەلی خۆپارێزی و دڵنیایی، شتێکی بژاردەیی بن. پێویستە لەو رووەوە کارێکی باشتر بکەین،" وتی.
رۆب بەینن، ئەندامی دەستەی دادوەریی خەڵاتی شیفا گەردی، کە یەکێک بووە لەو کەسانەی لە سەرەتای دامەزراندنی رووداو راهێنانی بە شیفا گەردی و هاوکارەکانی داوە و لە نزیکەوە ئاگاداری بەهرە و تواناکانی بووە، ئاماژە بەوە دەکات، توانا و بەهرەکانی لەیلا، شیفامان بیردەهێننەوە.
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەورووپی (ئینێکس) لە بارەی گرنگیی خەڵاتی شیفا گەردییەوە دەڵێت: "سوپاس بۆ رووداو لە بەرامبەر پابەندبوونی بەردەوامی، نەک تەنیا بە شیوەنگێران لە یادی لەدەستدانی یەکێک لە پەیامنێرە هەرە بەهرەدارەکانتان، بەڵکو هەروەها لە بەرامبەر وەبیرهێنانەوەی رێچکە و ژیانی ئەو رۆژنامەڤانانەی لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکاندا، سەختترین باج دەدەن."
خەڵاتی شیفا گەردی، کە هونەرمەند حەمید نیکخا دیزاینی کردووە، دەدرێت بەو رۆژنامەڤانانەی کە لە رووماڵکردنی ململانێ و قەیرانەکاندا پێشەنگن.
دەقی گوتەکانی لەیلا مۆلانا ئالێن، براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2025:
سوپاس بۆ ئەم شانازییە گەورەیە. سوپاسی دادوەران دەکەم بەرامبەر ئەم رێزلێنانەیان لە کارەکەم. هەروەها سوپاس بۆ هونەرمەند حەمید نیکخا بۆ دیزاینکردنی ئەم خەڵاتە جوان و سرووشبەخشە. زۆر دڵخۆشم کە بوومەتە براوەی ئەم خەڵاتە لە یادکردنەوەی شیفادا و دەچمە ریزی براوەکانی دیکەوە، کە رۆژنامەڤانی پێشەنگی بواری رووماڵی ململانێیەکانن و زۆر پێیان سەرسامم و بە هاوکار و هاوڕێی خۆمیان دەزانم.
دەمەوێت سوپاسی هەواڵسازە بەتواناکانم لە بەرنامەی (نیوز ئاوەر) بکەم. لەوانە، سارا جەست، پرۆدیوسەرەکەم کە زۆر کۆڵنەدەرانە کار دەکات بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەم چیرۆکە زەحمەتانە بگەیێنین؛ هەروەها مۆرگن تێڵ، هەواڵسازی بەهێزی دەرەوەمان، کە سەرسەختانە بەرگری و پشتیوانی لە رۆژنامەڤانەکانی دەکات؛ ڤیدیۆگرافەرەکانمان، ئێرک ئۆ کۆنەر، جۆرگن سامسۆ و ئێلنتخۆشینۆ، کە زۆر دڵخۆشم بە کارکردن لەگەڵیان، هەروەها هەموو تیمەکەمان لە واشنتن دی سی کە بەبێ پشوودان کار دەکەن بۆ ئەوەی چیرۆکەکانمان ببینرێن.
ئەم کارەی ئێمە دەیکەین، شکۆمەندییەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەش دا دەکرێت زۆر ئازاربەخش بێت، بەڵام زۆر بەختەوەرم کە خێزانە ناوازە و هاوڕێ جوانەکانم پشتگیریم دەکەن. وەک منداڵێک کە لە نێو نەهامەتییەکی قووڵی بۆ ماوەدا لەدایکبووم، لە دایکێک کە هەڵاتووی دەستی جەنگە و نیشتمانە خۆشەویستەکەی لەدەستداوە، هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک بە چاوێکی دیکە سەیری خەڵکی ناوچەکانی جەنگم نەکردووە و بە جیاواز لەوانەم نەبینیون کە بەختیان هەیە و لە ئاشتی دا دەژین. بۆیە منیش ئەم کارە دەکەم. رووماڵکردنی ململانێیەکان، کارێکی خێرا و مەترسیدارە و گوشارێکی گەورەی هەیە.
بەڵام کاری هەرە لەپێشینەم هەمیشە ئەو کەسانە بوون کە دەبنە بابەتی سەردێڕەکانمان، هەمیشە هەر واش دەمێنێتەوە تاوەکو بەڵێن، خۆشەویستی و رێزیان پێبدەین، هەروەها بۆ ئەوەی لەم ساتە تۆقێنەرانەدا، چەندیان لێوەردەگرین، زیاتریان پێببەخشین. لەم کارەماندا، بە مەترسیی گەورەدا دەگرینە بەر، بەڵام زۆر بەختەوەرین دەتوانین پشووێک وەربگرین و دوای چەندین هەفتە و مانگ لە رێگەبڕین بگەڕێینەوە نێو ماڵێکی سەلامەتی گەرم.
زۆر لەو کەسانەی لە دوای خۆمان جێیان دەهێڵین بەو رادەیە بە بەخت نین، لە نێویاندا هاوکارەکانمان و پرۆدیوسەرە خۆجێیەکانمان لە نێو گۆڕەپانەکە کە کارێکی گەورە دەکەن بۆ ئەوەی بابەتەکانمان لەو ئاستەدا بن، بەڵام کارەکەیان، ژیانی رۆژانەشیانە. سوپاس بۆ خوا ئەم جەنگە دڕندانەیەی غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی زۆر لە هاوکارە فەلەستینییەکانمان، ئێستا وەستاوە.
پێویستە نزا بکەین ئەم ئاگربەستە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی، بەڵام هێشتا زۆر لەوانەی لە بوارەکەماندا کار دەکەن، لە مەترسیدان. هەرگیز هێندەی ئێستا مەترسیدار نەبووە رۆژنامەڤان بیت. ئێستا لە لایەن ئەوانەی لەگەڵ راپۆرتەکانمان هاوڕا نین، دەکرێینە ئامانج. ئەوانەی لە نێو ئێمەدا دەسەڵات و پێگەیان هەیە، پێویستە گوشار لە پیشەسازییەکەمان بکەین بۆ ئەوەی کارێکی باشتر بکات لە پێناو پاراستنی هەموو ئەو رۆژنامەڤانانەی لە ژینگەی پڕ لە تووندوتیژیدا کار دەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی سەربەخۆ کار دەکەن و گرنگترین و بەهێزترین بەرهەمیان هەیە، بەڵام هەندێجار کە بابەتەکە دێتە سەر سەلامەتی، بە تەنیا جێدەهێڵدرێن.
ناکرێت راهێنان، کەلوپەلی خۆپارێزی و دڵنیایی، شتێکی بژاردەیی بن. پێویستە لەو رووەوە کارێکی باشتر بکەین. رەنگە هەندێجار ئەم کارە بە لای ئەوانەی لەنێویدا نین، بریقەدار و سەرنجڕاکێش بێت، هەندێجار راستە وایە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا شەکەتکەر، مەترسیدار و زۆر ناسەقامگیرە.
بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کاری سەربەخۆ دەکەن، کە کارێکی گەورە دەکەن، بەڵام دۆش داماون لەوەی چۆن پارەی کرێ یان ژەمی داهاتوویان بدەن و لە خۆیان دەپرسن تاوەکو کەی دەتوانن بەرگە بگرن، من دەڵێم: بەردەوام بن. بڕۆن و لەو وڵاتەدا بژین. فێری زمانیان بن. رووماڵی دۆخی نێوخۆی بکەن. رۆژێک دێت هەواڵسازێک یان دامەزراوەیەک دەدۆزییەوە کە بەرهەمەکەت بە بایەخەوە دەبینێت و دەرفەتت پێدەدات بۆ ئەوەی ئەو شتەی کە دەیزانی بتوانی بیکەی، بیخەیەڕوو. کە ئەوە روویدا، ئەوەی وادەکات راپۆرتەکانت جیاواز و دیار بن، چەندین ساڵی هەوڵدان، فێربوون و تێگەیشتن لە خەڵکی ئەو شوێنانە دەبێت کە تێیدا کارتکردوون. وەرگرەکان جیاوازییەکە دەزانن، ئەوانەی دەبنە بابەتی چیرۆکەکانیشت، بە هەمان شێوە. کۆڵ نەدەن.
تەنیا هەڕەشەی ئەمنی نین کە ئێمە ئێستا رووبەڕوویان دەبینەوە، بەڵکو هەڕەشەی ئەخڵاقیشن. بۆ ئەوانەمان کە لە سۆنگەی بڕوابوونی قووڵمان بە مافی بنچینەیی یەکسانی هەموو مرۆڤەکان ئەم کارە دەکەین، ئەو بنەمایە بە جۆرێک هەژێنراوە کە پێشتر وێنەی نەبووە. مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی تەنیا ئەو کاتە دەمێننەوە کە ئێمە هەموومان پابەندیان بین و بەرگرییان لێ بکەین. لە خۆیانەوە دروست نابن. پێشینانمان زۆر کاریان کرد و نەهامەتییان چەشت تاوەکو جیهانی ئێمەیان گەیاندە ئاستێک هەموو مرۆڤەکان ئەم پاراستنەیان هەبێت.
من و زۆر کەسی دیکە، لە مێژە لەو باوەڕەداین ئەگەر بیسەلمێنین یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکرێت، دەتوانین سەرپێچییەکان بوەستێنین و تاوانکاران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەینەوە، بەڵام ئێستا خەریکە رۆژانە ئەو راستییانە ون دەبن. ئەگەر بەرگری لەوانە نەکەین کە مافیان پێشێل دەکرێت، ئەوا هەموومان ئەو پاراستنە لەدەستدەدەین. مرۆڤایەتی گشتیمان ئەو شتەیە کە کۆماندەکاتەوە و هێزمان پێدەدات بۆ پاراستنی ئەوانەی لاوازترن و بەشمەینەتن. هەر کاتێک بەوشێوەیە بیرمان کردەوە کەسێک لەبەرئەوەی لەگەڵی دا هاوڕانین، کەمتر لە یەکێکی دیکە شایستەی پاراستن و شکۆمەندییە، ئەوا ئەو چوارچێوەیەی کۆمان دەکاتەوە، لەنێودەچێت.
بۆ پاراستنی مافە بنچینەییەکانمان تێبکۆشن، بۆ ئەوانەی دەنگ و سەکۆیەکیان نییە، تێبکۆشن. دەنگی خۆتان بەکاربێنن و بەرگری لەو شتە بکەن کە دەزانن راستە. من ژیانێکی ناوازەم پێبەخشراوە لە جیهانێکی ناوازەدا. زۆر سوپاسگوزارم کە تێیدا دەژیم و رۆژانە لە خەڵکی بەهێز، بوێر و میهرەبانەوە زۆر شت فێردەبم کە لە ناخۆشترین کاتەکاندا رێگەم پێدەدەن بچمە نێو ژیانیانەوە. ئەوە شکۆمەندییەکە کە من زۆر بە هەند وەریدەگرم.
بەڵام لە کۆتاییدا جەنگ تەنیا پەیوەندی بە تفەنگ، بۆمبەکان و درێژیی سەنگەرەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مرۆڤ و ئەوەوە هەیە کە سیاسەت، پارە و دەسەڵات چی بەسەر ئەو خەڵکە دەهێنێت کە هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو هێزانەدا نییە، ئەو ژیانەی بە خۆشەویستی بونیادیانناوە لێیان دەستێنێ و پارچە پارچەی دەکات، بەڵام لە کاتێکدا جەنگەکان تاریکترین رەهەندەکانی مرۆڤایەتیمان پێشاندەدەن، لە هەمان کاتدا باشترینەکانیش دەردەخات. هەر ئەوەشە بڕوای لەلام دروستکردووە کە ئێمە زیاتر باشین لەوەی خراپ بین. هەروەها بیرم دێنێتەوە کە هەمیشە هیوا هەیە. هەر ئەمەشە وام لێدەکات بەردەوام بم و ئەم کارە بکەم، بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدەم کە ئەوەی بڕوام پێی هەیە، زۆر گرنگە.
زۆر سوپاس بۆ ئەم شەرەفە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ