پۆڵا تاڵەبانی: لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی یەکێتی و پارتیدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
پۆڵا تاڵەبانی میوانی بووڵتەنی کاژێر 14 بوو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات
پۆڵا تاڵەبانی میوانی بووڵتەنی کاژێر 14 بوو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، بەمزووانە شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە. گوتیشی، ''پێموایە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی حکومەت، پێکهێنانی حکومەت ماوەیەکی زۆر ناخایێنێت.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-03-2025، پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ''بە شێوەیەکی باش بەرەو پێشەوە دەچن و لێکتێگەیشتن و پێشکەوتنی باش لە پڕۆسەکەدا هەیە.''
 
دوێنی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە. پۆڵا تاڵەبانی گوتی: ''ئەوە دوا کۆبوونەوە بوو بۆ تەواوکردنی ئەو کۆبوونەوانەی پێشتر؛ بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵەکان چڕ دەبنەوە بۆ ئەوەی کە هەرچی زووترە کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تەواو بکرێن و کار بۆ دروستکردنی کابینەکە بکرێت.''
 
رووداو زانیویەتی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی دووبارە کۆدەبنەوە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: ''کۆبوونەوەکە لە دەرفەتێکی نزیکدا دەکرێت، نازانم بەیانییە یان دوو بەیانی، بەڵام ئەوەی کە دەیارە، لەدوای کۆبوونەوەکەی دوێنێ، بە زووترین کات دەکرێت.''
 
دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە لە پیرمام، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەکەیان بە ''ئەرێنی و زۆر باش'' ناوبرد. پێشتریش لە رێگەی لیژنەکانەوە، پارتی و یەکێتی چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. 
 
بەگوتەی پۆڵا تاڵەبانی، بەشێک لە کارەکانی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری هەردوولا، لەسەر دیداری سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی حکومەت وەستابوو و ''بێگومان دوای ئەو کۆبوونەوەیە، لە نزیکترین دەرفەتدا شاندەکانیش کۆدەبنەوە.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا، هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە شێوازی کار، ستراتیژ و بەرنامەی حکومەت خراونەتە بەر باس و ''لە کۆبوونەوەکانی داهاتووشدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.''
 
پۆڵا تاڵەبانی لەبارەی کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێ گوتی: ''ناتوانم بڵێم چەند رۆژ یان چەند هەفتە، بەڵام پێموایە کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ زۆر ناخایێنێت.''
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە