رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو براوەی حەوتەم خەڵاتی شیفا گەردی راگەیاند، کە خانمە رۆژنامەڤانی بەریتانی- ئێرانی، لەیلا مەولانا ئەڵن، پەیامنێری کەناڵی پی بی ئێس نیووزی ئەمریکییە.
پەیکەری خەڵاتەکە، کە لە شێوەی پەرییەکی زێڕیندایە، رووی لە ئاسمانە و دوو باڵی کراوەی هەیە، لە لایەن حەمید نیکخا، هونەرمەندی دەستڕەنگی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە داتاشراوە بۆ ئەوەی ببێتە هێمای ئەو خانمە رۆژنامەڤانانەی لەسەر رێگەی گەیاندنی راستییەکاندا، گیانیان لەدەستداوە.
هونەرمەندی فرەبوار و لەدایکبووی شاری مەریوان، ئاماژە بەوە دەکات، "روخساری پەیکەرەکە لە شێوەی خودی شەهید شیفاوە وەرگیراوە."
نیکخا بە رووداوی راگەیاند، پەیکەرەکە لە مسی سپی و بە زێڕ رووپۆشکراوە.
دەشڵێت: "کۆی گشتیی پەیکەرەکە وەک فریشتەیەک سازکراوە لە ساتی بەرزبوونەوە و هەڵفڕیندا، کە هێمای شەهیدبوون و ئاسمانیبوونی ئەو بەڕێزەیە."
باڵەکانی پەیکەرەکەش لە شێوەی نووکی پێنووسدان، کە وەک نیکخا دەڵێت، هێمای رۆژنامەڤانییە. "لە داوێنی پەیکەرەکە، گۆی زەوی هەیە، کە سیمبوولی نێودەوڵەتیبوونی پەیکەرەکەیە."
گۆیەکە لەنێو چوارگۆشیەکی رۆشندایە "کە ئاماژەیە بۆ ئەرکی رۆژنامەڤانان بۆ روونکردنەوە و خستنەپێشچاوی رووداوەکانی جیهان."
نیکخا باس لەوە دەکات، پەیکەرەکە لە تاران و شارۆچکەیەکی نزیک تاران دروستدەکرێت. دوای دانانی دیزاینی پەیکەرەکە لە لایەن خۆیەوە، "9 پسپۆڕی بوارە جیاجیاکان و نزیکەی 7 کەسایەتیی" کار لەسەر دروستکردنی دەکەن.
نیکخا لەدایکبووی شاری مەریوانە و ئێستا لەوێ دەژیت. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تارانە.
بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 2000 تاوەکو 2017 لە تاران لە پاڵ کاری هونەری، کاری دیزاین و ریکلامی کردووە. بەڵام ئێستا لە مەریوان زیاتر سەرنجی لەسەر کاری هونەریی وەک پەیکەرسازی، نیگارکێشانی سەر دیوار و ئینستاڵەیشنە.
نیکخا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی پەیامنێرانی جەنگ دەکات و دەڵێت: "ئێمە وەکو گەلی کورد، یەکێک لە گەورەترین قوربانیانی شەڕ و جینۆسایدین. بۆیە گرنگی بە ئارامی و ئاشتەوایی دەدەین و قەدری دەزانین. بە بڕوای من، هەر جەنگ و کوشتوبڕێک باس نەکرابێت و باس نەکرێت، واتە هەرگیز رووینەداوە. بۆیە رۆژنامەڤانانی جەنگ ئەرکێکی سەرەکییان هەیە بۆ بەرچاوکردن و بەمێژووکردنی خراپییەکانی شەڕ و لە ئاکامدا کۆتاییپێهێنانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ