راگەیێندراوی کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی
ئێمەی ئەندامانی هەمیشەیی کۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، دوای لێکۆڵینەوە لە کاری رۆژنامەڤانانی ژن لە ساڵی رابردوودا لە جیهان، بڕیارماندا خەڵاتی شیفا گەردی، ساڵی 2025 بدەینە (لەیلا مۆلانا ئالێن) پەیامنێری PBS، بەهۆی کارە رۆژنامەڤانییە زۆرباشەکانی، بەتایبەتی لە لێکۆلینەوە لە ستەمکارییەکان لە سووریا.
لەیلا مۆلانا ئالێن، لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئیسرائیل و فەلەستین کاری رۆژنامەڤانیی بنکۆڵکاری زۆر باشی کردوون، هەروەها ساڵی رابردوو راپۆرتی بنکۆڵکاری لەبارەی ستەمکارییەکان و چیرۆکە مرۆییەکان لە سووریا کردوون و راپۆرتی مەیدانیی زۆر باشی ئەنجامداون.
ساڵی رابردوو رۆژنامەڤانان لە زۆر شوێنی جیهان لە دۆخێکی زۆر سەخت دا کاریان کردووە، بەهۆی درێژەکێشانی شەڕ و ململانێ خوێناوییەکان. بەپێی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ لە ساڵی رابردوودا 124 رۆژنامەڤان کوژراون.
رۆژنامەڤانان بەهۆی گواستنەوەی ئازارەکانی خەڵک، روونکردنەوەی ستەمکارییەکان، نیشاندانی چیرۆکە مرۆییەکان، راپۆرتکردنی گەندەڵی و کارە نایاساییەکان رووبەڕووی پەلاماردان دەبنەوە. لەبەرئەوە ساڵی رابردووش ساڵێکی زۆر خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهان دا.
شیفا گەردی لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعش دا، بوێری رۆژنامەڤانیی نواند لەپێناو روونکردنەوەی ستەمکارییەکانی داعش بەرامبەر خەڵکی سیڤیل دا و، لە کاتی کارکردنی لەسەر یەکێک لەو چیرۆکانە بە مینی چێنراوی داعش گیانی لە دەستدا.
خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بۆ یادكردنەوەی گیان و كاری شیفا گەردی، رۆژنامەڤان و پێشكێشكاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو و رێزگرتن لە كاری رۆژنامەڤانانی ژن لە جیهان دا لەساڵی 2017دا دروستكرا. لەو کاتەوە ساڵانە دراوەتە رۆژنامەڤانێکی سەرکەتووی ژن.
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی
25ی شوباتی 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ