ژمارەیەک پێشمەرگە: بەشێک لە مووچەکەمان بێ ئاگادارکردنەوە بڕدراوە

دوێنێ کاژێر 01:20
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک پێشمەرگە دەڵێن، ئەمڕۆ لەکاتی مووچە وەرگرتندا لە بانک، بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن بەشێکی مووچەکەیان بڕدراوە. 
 
یەکێک لە پێشمەرگەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مووچەی من نزیکەی 950 هەزار دینارە، بەڵام کە لە ئامێری راکێشانی پارەکە مووچەم راکێشا تەنیا نزیکەی 235 هەزار دینارم وەرگرت".
 
ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "کێشەکە تەنیا من نەبووم و بەشێکی پێشمەرگەکان پارەیان لێبڕدراوە بە بڕی جیا؛ هەمانە 20 هەزار دینار و هەیە زیاتر و کەمتری لێبڕاوە، بۆ هۆکارەکەش لە بانکەکەمان پرسی، ئەوان گوتیان ئەوەندە خراوەتەسەر هەژمارەکەمان و پەیوەندی بە بانکەوە نییە".
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی یاسای خانەنشینی، هەر پێشمەرگەیەک رێژەیەکی کەم لە مووچەکەی دەبڕدرێت، بەڵام ناگات بەوەی نیوەی مووچەی کەسێک بڕدرابێت، بۆیە پێدەچێت هۆکارێکی دیکە هەبێت".
 
ئەو پێشمەرگانە بە رێگەی ئەلیکترۆنی لە پڕۆژەی (هەژماری من) مووچە وەردەگرن. لەو بارەیەوە بەرپرسێک لە تیمی پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو مووچانەی دەگوترێت لێبڕینیان هەیە، لەسەر بنەمای ئەو لیستانەیە ژمێرکاری وەزارەتەکان دەیاننێرن و هیچ پەیوەندییان بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە".
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوایین رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتە و لەوانەی مووچە وەردەگرن، وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە