کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی براوەی خەڵاتی ئەم ساڵ رادەگەیێنێت

25-02-2024
نیشانەکردن خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ، لە حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، شەشەمین خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی دەدرێتە رۆژنامەڤانێکی ژن.
 
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی، لە چەند کەسێکی شارەزای بواری میدیا لە هەرێمی کوردستان و ئەورووپا پێکهاتووە و، براوەی خاڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی دیاریدەکات. خەڵاتەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-2-2024) دەدرێتە رۆژنامەڤانێکی ژن، کە بە مەیدانیی کاری کردبێت، هەواڵەکانی جەنگی گواستبێتەوە و کاریگەریی لەسەر گەیاندنی دەنگی خەڵکی سڤیل هەبووبێت.
 
ئەم ساڵ رێوڕەسمی خەڵاتەکە لە کاژێرێکی تەلەڤزیۆنیدا لە شوێنی شەهیدبوونی شیفا گەردی لە شاری موسڵ بەڕێوەدەچێت.   
 
حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، شیفا گەردی، رۆژناڤەنان و پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بەهۆی مینێکی چێندراوی چەکدارانی داعشەوە لە موسڵ شەهید بوو. رووداو ساڵانە بەشێوەیەکی شایستە یادی رۆژنامەڤانەکەی بەرز رادەگرێت و خەڵاتێک پێشکێشی رۆژنامەڤانێکی ژن دەکات کە بەهۆی پیشەکەیەوە رووبەڕووی سەختی و دژواری بووبێتەوە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی.
 
یەکەم خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی لە ساڵی 2019 بەخشرایە رۆژنامەڤان جینان موسا لە تۆڕی (ئەل ئان - الآن) و خەڵاتەکەی لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنساوە پێشکێشکرا.
 
ئەروا دەیمن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی لە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن وەکو دووەمین براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2020 دەستنیشان کرا. 
 
ئەلێکس کروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سکای نیوزی بەریتانیی بۆ ساڵی 2021 هەڵبژێردرا؛ ژنە رۆژنامەڤانی کەنەدی لیس دووسێت براوەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی بوو لە ساڵی 2022. هەروەها ئیزۆبێل یەنگە لە ڤایس نیوز خەڵاتی ساڵی 2023ـی پێبەخشرا.
 
خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بۆ یادكردنەوەی گیان و كاری شیفا گەردی، رۆژنامەڤان و پێشكێشكاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو و رێزگرتن لە كاری رۆژنامەڤانانی ژن لە جیهاندا دروستكرا. شیفا گەردی رۆژی 25ـی شوباتی 2017 لەكاتی ئامادەكردنی بەشێكی بەرنامەكەی (فۆكەس موسڵ) سەبارەت بە شوێنی كۆمەڵكوژییەكی داعش لە موسڵ، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی داعش گیانی لەدەستدا.
 
شیفا گەردی، ساڵی 1987 لە ئۆردووگای زێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەنابەرییدا لەدایکبوو؛ دوای گەڕانەوەیان بۆ باشووری کوردستان لە ساڵی 1991، لە قوتابخانەی باسرمە دەستی بە خوێندن کردووە و، دواتر لە شارۆچکەی هەریر قۆناخی ناوەندیی خوێند. 
 
شیفا گەردی ساڵی 2007 بەشی کۆمپیوتەری لە پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر تەواو کرد، ساڵی 2012 لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەکاربوو، ساڵی 2014 بەشی میدیای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواو کرد و هەمان ساڵ بووە بەرپرسی بەشی ئاوتپووتی تۆڕی میدیایی رووداو.
 
لە کارکردنیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، شیفا گەردی جگە لە بێژەری، پێشکێشکاری چەندین بەرنامەش بوو، وەک پاشیڤ، هەروەها نیوەی دووەمی ساڵی 2016 بووە پێشکێشکاری بەرنامەی فۆکەس موسڵ کە شەوانە پێشکێش دەکرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە