یونیسکۆ بۆ رووداو: 85٪ـی دانیشتووانی جیهان کەمبوونەوەی ئازادیی رادەربڕینیان ئەزموون کردووە

25-02-2024
دوو رۆژنامەڤان لە غەززە
دوو رۆژنامەڤان لە غەززە
نیشانەکردن خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی بەشی بۆچوون و سەلامەتیی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ بە رووداوی راگەیاند یونیسکۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سەرانسەری جیهاندا چاودێریی پەرەسەندنی دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی و ئازادیی رادەربڕینی کردووە "بە داخەوە ئاماژەکان بە هیچ شێوەیەک باش نین."
 
گیلیرمێ کانێلا، سەرۆکی بەشی رادەربڕین و سەلامەتی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، دەڵێ "لە دوایین راپۆرتی جیهانیماندا لە بارەی ئازادیی رادەربڕین و گەشەسەندنە پێویستەکانەوە، بۆمان دەرکەوت 85٪ـی دانیشتووانی جیهان لەم پێنج ساڵەی دواییدا کەمبوونەوەی ئازادیی رادەربڕینیان ئەزموون کردووە."
 
سەبارەت بە خەڵاتی شیفا گەردی، کە تۆڕی میدیایی رووداو ساڵانە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردی پێشکێشی ژنە رۆژنامەڤانێکی دەکات، بەرپرسەکەی یونیسکۆ دەڵێ "زۆر گرنگە" بۆ نرخاندنی کاری رۆژنامەڤانان و "یادکردنەوەی ئەوانەی بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە تەنیا لەبەرئەوەی کاری خۆیان کردووە."

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گیلیرمێ کانێلا، سەرۆکی بەشی رادەربڕین و سەلامەتی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ: 

رووداو: دۆخی ئازادی رۆژنامەڤانی لە سەرانسەری جیهاندا چۆنە؟ 
 
گیلێرمێ کانێلا: سڵاوتان لێبێت، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم بۆ قسەکردن لەسەر هەندێک دۆخی خراپی تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین بەگشتی و ئازادیی رۆژنامەڤانی بەتایبەتی. یونسکۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سەرانسەری جیهان دا چاودێریی پەرەسەندنی دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی و ئازادیی رادەربڕینی کردووە. بەداخەوە ئاماژەکان بەهیچ شێوەیەک باش نین. بۆ نموونە، لە دوایین راپۆرتی جیهانیمان دا لە بارەی ئازادیی رادەربڕین و گەشەسەندنە پێویستەکانەوە، بۆمان دەرکەوت کە 85٪ دووبارەی دەکەمەوە 85٪ـی دانیشتووانی جیهان لەم پێنج ساڵەی دواییدا کەمبوونەوەی ئازادیی رادەربڕینیان بینیوە. ئەمە نیشاندەرێکی جیهانییە کە بەداخەوە پیشانی دەدات، ئێمە لە هەموو شوێنێکدا لە لایەنی ئازادیی رادەربڕینەوە گرفتمان هەیە. ئەی ئەم گرفتانە چین؟ ئەو گرفتانەن کە ئێمە پێیان دەڵێین 'زریانی تەواو.' لە چەند گۆشەیەکەوە گرفت هەن، هەر لە سەلامەتیی رۆژنامەڤانانەوە وەک لە دیمەنەکاندا ئێستا دەیانبینن، تاوەکو گرفتەکانی تایبەت بە توانای ئابووریی راگەیاندنەکان و دۆخی راگەیاندنە هەواڵییەکان بۆ مانەوە و گرفتی رێکارە خراپەکان، ئەو رێکارانەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی رادەربڕیندا یەکناگرنەوە. لە نێوەندی گەورەترین شەپۆلی زانیاریی ناڕاست و زانیاری لاڕێکەر و بیردۆزی پیلانگێڕیدا کە لە ژینگەی دیجیتاڵیدا هەمانە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەستی زیاتر لەبەردەم ئازادیی رادەربڕین و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان. بۆیە بە کورتی و پووختی؛ دوای ساڵانێک پێشکەوتن لە پاراستن و پێشخستنی ئەم مافانەدا، ئێستا لەنێو بەربەستی زۆر راستەقینەی بەردەم ئازادیی رادەربڕینداین. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنیا ترێندێکە یان هەر گرفتێکی کاتییە؟ کەس وەڵامی ئەم پرسیارەی لەلا نییە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێی دڵنیابینەوە ئەوەیە؛ ئەم گرفتە کاتییە لە لایەنی بەربەستی بەردەم ئازادیی رادەربڕینەوە نەبێتە ترێندێکی هەمیشەیی. ئەمە ئەو شتەیە کە یونسکۆ و هاوبەشەکانمان هەوڵدەدەن بیکەن بۆ ئەوەی ئەم بنەما سەرەکییانەی ماف و دیموکراسی و پاراستنی هەموو مافەکانی مرۆڤ زیاتر بەهێز بکەین و بیانپارێزین و پێشیان بخەین. 
 
رووداو: بەڕێز کانێلا، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کاردانەوەیەکی دژی ئەو وڵاتانە دەبێت کە رێگری لە ئازادیی رۆژنامەڤانی دەکەن؟ 
 
گیلێرمێ کانێلا: خۆی یەکەم شت کە لەبارەی ئازادیی رۆژنامەڤانییەوە دەیکەین هۆشداریدان و زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، بەڵام گرنگە تێبینیی ئەوەش بکرێت؛ ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ئازادیی رۆژنامەڤانی هەر تەنیا حکومەتەکان نین؛ لە جیهاندا تاوانی رێکخراو و کەرتی تایبەت و دامودەزگای دیکەیش هەن کە هێرش دەکەنە سەر ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی. ئێمە لەلایەنی خۆمانەوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەگشتی و یونسکۆ بە تایبەتی، بۆ نموونە لە لایەنی پارێزراویی رۆژنامەڤانەوە پلانێکی جیهانیمان هەیە. پلانی کردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان و کێشەی لێبوردن لە سزا. ئەوەی لێرەدا دەیکەین بەڕاستی هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنی هەموو ئەوانەی پێویستە کرداریان هەبێت بۆ زیاتر پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، بۆ ئەوەی بتوانن کرداریان هەبێت. با نموونەیەکی بەرجەستە بهێنمەوە، کارەکتەری سەرەکیی لەم بوارەدا سیستەمی دادوەرییە. دادوەران و داواکارانی گشتی نەخشێکی زۆر گرنگیان لە پاراستنی ئازادیی رادەربڕیندا هەیە. هەر بۆیە یونسکۆ بەرنامەیەکی جیهانیی بۆ بونیاتنانی تواناکانی دادوەران و داواکارانی گشتی هەیە تاوەکو بتوانن باشتر لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی تێبگەن. ئەوەش لەپێناو ئەوەدا لە وڵاتانی جیاوازی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زیاتر ئەو مافانە بپارێزرێن.  
 
رووداو: بەڕێز کانێلا، ساڵی رابردوو ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە سەرانسەری جیهاندا کوژران. ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە کوشتنی رۆژنامەڤانان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دەتوانن چ بکەن؟ 
 
گیلێرمێ کانێلا: وەکو گوتم، هەر تەنیا حکومەتەکان نین کە دەستیان لەو کوشتنانەدا هەیە. هەرچەندە هەندێک کەیس هەن کە بەرپرسانی حکومی تێیوەگلاون، بەڵام لە زۆربەی کەیسەکاندا، ئەوانەی تاوانی رێکخراون، لایەنی جیاوازی دیکە تێیوەگلاون. بۆیە ئێمە لە یونسکۆ و ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانێکی زۆرە کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ئەوەی کە پێیدەڵێین 'سیاسەتی سێ رێچکە' ئەویش بریتییە لە رێگریکردن و پاراستن و بەدواداچوونی یاسایی ئەو تاوانانە. یەکەم شت کە زۆر گرنگە ئەوەیە؛ هەموو کۆمەڵگە و دانیشتووان لە گرنگیی ئازادیی رۆژنامەڤانی بۆ ئازادیی خۆیان و بۆ مافەکانیان و گەشەسەندن، تێبگەن. بۆیە کۆمەڵگە هەمیشە دەتوانێت زۆر راشکاوبێت و دەنگی بەرزبێت، ئەوەش بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین بەگشتی و ئازادیی رۆژنامەڤانی بەتایبەتی هەر زۆر گرنگە. ئەمە بۆ رێگریکردن لە تاوان زۆر گرنگە. ئینجا بۆ پاراستنیش، لەو دۆخانەدا کە روونە هەندێک هەڕەشە لە رۆژنامەڤانان دەکرێت، هەڕەشەی جۆراوجۆر، هەڕەشەی جەستەیی تاوەکو هەڕەشەی ئۆنلاین، ئەوە زۆر گرنگە کە رێکاری پاراستن هەبێت. سێیەمیشیان، ئەگەر ئێمە شەڕی لێبووردن لە سزا نەکەین، ئەگەر بەدواداچوون بۆ تاوان نەکەین، ئەوا سووڕی تووندوتیژی دەخەینە کار. ئێمە زۆر وەبەرهێنان دەکەین لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بەخشین لە سزای تاوان دژی رۆژنامەڤانان. بۆیە لەلایەنی تووندوتیژی دژی رۆژنامەڤانانەوە کاتێک سەیری ئەم سیناریۆیانە دەکەین کە تۆ باستکردن، ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە؛ پشتیوانیی ئەو سیاسەتانە بکەین کە گشتگیرن، ئەو سیاسەتانەی پەیوەندییان بە رێگریکردن و پاراستن و بەدواداچوونی یاسایی تاوانەوە هەیە.  
 
رووداو: وەک دوایین پرسیار، بەڕێز کانێلا، ساڵانە تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی شیفا گەردی دەبەخشێت تێیدا یادی شیفا گەردیی رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری رووداو بەرز رادەگرێت، کە لە رووماڵی شەڕی داعشدا شەهید بوو. خەڵاتەکە سەرنجی لەسەر لێهاتووییەکانی رۆژنامەڤانانی ئافرەتە. ئەو خەڵاتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
 
گیلێرمێ کانێلا: خەڵات بۆ رۆژنامەڤانان ئامرازێکی گرنگە بۆ نرخاندن و یادکردنەوەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەوانەی لە دۆخێکی مەترسیداردان. بۆیە خەڵاتی جۆراوجۆری رۆژنامەڤانان، بۆ نموونە، خەڵات بۆ ئەو رۆژنامەڤانانەی ئێستا لە زینداندان وا دەکات سەرنج بۆ سەر کەیسەکانیان رابکێشرێت. هەروەها خەڵات گرنگە بۆ ئەو رۆژنامەڤان و دەزگایانەی بەشدارییەکی گرنگیان لە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانیدا هەیە. بۆیە خەڵات بنەمایەکی گرنگە بەتایبەتی لەلایەنی رێگریکردن، یەکێک لەو سێ شتەی باسم کردن. بۆ نموونە یونسکۆ تاکە دەزگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە خەڵاتی فەرمیی بۆ رۆژنامەڤانان هەیە بە ناوی خەڵاتی جیهانیی یونسکۆ/گیلێرمۆ کانۆ. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم خەڵاتە زۆر بایەخی هەبووە لە ئازادکردنی بە لانی کەم  هەشت رۆژنامەڤان لە زیندان دوای ئەوەی خەڵاتەکەیان پێبەخشراوە. بۆیە بۆ وەڵامی پرسیارەکەت 'بەڵی' زۆر گرنگە ئامرازێک دابمەزرێنرێت وەکو خەڵات بۆ نرخاندنی کاری رۆژنامەڤانان و یادکردنەوەی ئەوانەی بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە تەنیا لەبەرئەوەی کاری خۆیان کردووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە