رووداو دیجیتاڵ
جینان مووسا، رۆژنامەڤانی تۆڕی ئەلئان و براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بەبۆنەی دابەشکردنی چوارەم خەڵاتی شیفا گەردی رایدەگەیێنێت، "شیفا گەردی شەهید بووە، بەڵام بە ئازایەتی و رووماڵەکانی و گڕوتینی بۆ کاری رۆژنامەڤانی لەیادماندا دەمێنێتەوە."
جینان مووسا رایگەیاند، "سێ ساڵ لەمەوبەر ساتێکی پڕ شانازی بوو بۆ من کاتێک خەڵاتی شیفام پێبەخشرا لەبەرامبەر کارەکانم لەبارەی داعش لە سووریا و چەند ناوچەیەکی لوبنان. هەر ئەو ساتەش دوو رووەکانی ژیانی وەبیرهێنامەوە. خەمبارببوون بۆ مردنی شیفا و دڵخۆشی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەهادارە."
شیفا گەردی، پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 25ـی شوباتی 2017 لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك بۆ بەرنامەكەی (فۆكەس موسڵ) سەبارەت شوێنی كۆمەڵكوژییەكی داعش لە شاری موسڵ، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی داعش دا گیانی لەدەستدا.
ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژە بەوەش دەکات، زۆر خۆشحاڵە کە تەنانەت لە کاتی کۆرۆناشدا خەڵاتی شیفا گەردی هەر دەبەخشرێت. دەڵێت، "راستە ئەمساڵیش خەڵاتە بەشێوەی ڤێرچواڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام دەریدەخات کە رووداو چەند پابەندە بە رێزگرتن لە پەیامنێرە لەدەستچووەکەی. بەتایبەتی لەم رۆژگارەدا کە کاری رۆژنامەڤانی لەژێر هەڕەشەی زۆردایە و زۆر مەترسیدارە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بیت."
خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بۆ رێزگرتن لە كار و گیانی شیفای گەردی و، وەك پێزانینێك بۆ كار و ماندووبوونی رۆژنامەڤانانی ژن، ساڵانە دەدرێتە رۆژنامەڤانێكی ژن كە لە دۆخێكی سەختدا زانیارییەكانی ئاشكراكردبێت و چیرۆكە مرۆییەكانی گەیاندبێتە جیهان. تائێستا لەو روانگەیەوە لە ساڵانی رابردوودا خەڵاتی شیفا گەردی دراوەتە، جینان موسا لە تەلەڤزیۆنی ئەلئان (2019)، ئەروا دایمۆن لە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن (2020)، ئەلێكس كرۆوفۆرد لە تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی.
جینان پیرۆزبایی لە لیس دووسێت کرد کە خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2022 پێبەخشرا، دڵنیام ئەو هەستانە دەناسێتەوە کە پێشتر باسمکردن. باشترین سات و دژوارترین سات. مردن و لەدایکبوون.
دەقی قسەکانی جینان مووسا:
سڵاو لە هەمووتان لەلایەن جینان مووسا و رەیانی بچووکەوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر ساتێکی پڕ شانازی بوو بۆ من کاتێک خەڵاتی شیفام پێبەخشرا لەبەرامبەر کارەکانم لەبارەی داعش لە سووریا و چەند ناوچەیەکی لوبنان. هەر ئەو ساتەش دوو رووەکانی ژیانی وەبیرهێنامەوە. خەمبارببوون بۆ مردنی شیفا و دڵخۆشی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەهادارە. ئەم لێکدژییە لە هەموو شوێنێک هەیە. ساڵی 2017دڵمخۆش بوو کە لەیەکەمین رۆژنامەڤانەکان بووم گەیشتمە رەقە. بۆئەوەی رووماڵی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو شارە بکەم لە دەستی داعش. لە هەمان کاتدا، رەقە مەترسیدار بوو. هەندێکجار بەخۆمم دەگوت لێرە بڕۆ.
لە دوو ساڵی رابردوودا، پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوبووەوە، ساڵی 2020 و 2021 ملیۆنان کەس مردن و ژیانی ملیاران کەس تێکچوو، بەڵام وەک دەبینن بەهۆی ئەمەی بەباوەشمەوەیە، ساڵی 2021 جوانترین ساڵی ژیانم بوو، چونکە رۆڵەی شیرینمان رەیان لەدایکبوو. یان وەک چارلز دیکنز دەڵێت، "خۆشترین سات بوو، ناخۆشترین ساتیش بوو. وەرزی درەوشانەوە بوو، وەرزی تاریکیش بوو. بەهاری ئومێد بوو، زستانی سەرگەردانیش بوو''
شیفا گەردی شەهید بووە، بەڵام بە ئازایەتی و رووماڵەکانی و گڕوتینی بۆ کاری رۆژنامەڤانی لەیادماندا دەمێنێتەوە. زۆر خۆشحاڵم کە تەنانەت لە کاتی کۆڕۆناشدا خەڵاتی شیفا گەردی هەر دەبەخشرێت.
راستە ئەمساڵیش خەڵاتە بەشێوەی ڤێرچواڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام دەریدەخات کە رووداو چەند پابەندە بە رێزگرتن لە پەیامنێرە لەدەستچووەکەی. بەتایبەتی لەم رۆژگارەدا کە کاری رۆژنامەڤانی لەژێر هەڕەشەی زۆردایە و زۆر مەترسیدارە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بیت.
پیرۆزبایی لە لیس دووسێت دەکەم کە خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2022 پێبەخشرا، دڵنیام ئەو هەستانە دەناسێتەوە کە پێشتر باسمکردن. باشترین سات و دژوارترین سات. مردن و لەدایکبوون.
بەناوی خۆم و رەیانی بچکۆلەوە سوپاستان دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ