راگەیێندراوی کۆمیتەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی

25-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی
A+ A-
لیژنەكەمان ساڵانە خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی لە رێوڕەسمێكدا دەداتە رۆژنامەڤانێكی ژن، كە كاری ناوازە و بنكۆڵكاری رۆژنامەڤانی لە ساڵی رابردوودا كردبێت. 
 
لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو خەڵاتە لە دوو رێوڕەسمی زۆر گەورەدا و بە ئامادەبوونی كەسایەتی جیهانی و دەستەبژێرێك لە رۆژنامەڤانان درایە دوو رۆژنامەڤانی زۆر بە توانای ژن كە ئەوانیش بریتیبوون لە جینان موسا لە تەلەڤزیۆنی ئەلئان و ئەروا دایمۆن لە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن.
 
ئەمساڵ بەهۆی پەتای كۆڤید 19ەوە، چەند ئەندامێكی لیژنەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی نەیانتوانی لە ئەوروپاوە بێنە كوردستان، هەروەها بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئامادەبوونی میوانان لە دەرەوە لەبەر ئەو پەتایە، لیژنەی خەڵاتی شیفا گەردی بڕیاریدا رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەكە بەشێوەیەكی دیاریكراو و بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامبدات.
 
بەداخەوە ساڵی رابردوو ساڵێكی زۆر سەخت و خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهاندا. بەپێی ئاماری رێكخراوی زانست و رۆشنبیری و پەروەردە- یونسكۆی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی رابردوودا 62 رۆژنامەڤان لە جیهاندا كوژراون، هەروەها بەپێی ئاماری رێكخراوی رۆژنامەڤانانی بێسنوور لەساڵی 2020دا بەگشتی 50 رۆژنامەڤان لە جیهاندا كوژراون، كە زۆربەشیان لەو وڵاتانەدا كوژراون كە شەڕیان تێدا نییە. ئەمەش نیشاندەدات كە ساڵی رابردوو بە بەراورد لەگەڵی ساڵی 2019دا ساڵێكی خوێناویتربووە، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بەڵێنەی كاربەدەستانی دەوڵەتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا یەكناگرێتەوە بە رێزگرتن لە كاری راگەیاندن و پاراستنی گیانی رۆژنامەڤانان.
 
خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بۆ یادكردنەوەی گیان و كاری شیفا گەردی، رۆژنامەڤان و پێشكێشكاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو و رێزگرتن لە كاری رۆژنامەڤانانی ژن لە جیهاندا دروستكرا. شیفا گەردی رۆژی 25ی شوباتی 2017 لەكاتی ئامادەكردنی بەشێكی بەرنامەكەی (فۆكەس موسڵ) سەبارەت شوێنی كۆمەڵكوژییەكی داعش لە موسڵ، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی داعش دا گیانی لەدەستدا.
 
کۆمیتەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی
 
25ی شوباتی 2021

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە