رووداو دیجیتاڵ
ئاوا عومەر قارەمانی، ئەو کچە چوار ساڵانەی کە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی لەلایەن زڕدایکییەوە لە هۆش خۆی چووبوو و لە نەخۆشخانەیەکی شارەکە خەوێندرابوو، گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئاوا قارەمانی، ئەو كچە 4 ساڵانەی کە 11 رۆژ پێش ئێستا، بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی لەلایەن زڕدایکییەوە زەبر بەر مێشکی کەوتبوو و لە نەخۆشخانەی موتەهەریی تایبەت بە منداڵان خەوێندرابوو، ئەمرۆ یەکشەممە، 24-12-2023، بە هۆی خراپتربوونی تەندروستییەوە و بەردەوامبوونی خوێنبەربوونی مێشکی، گیانی لەدەستدا.
سەید رەزا قائیمی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی موتەهەریی تایبەت بە منداڵانی شاری ورمێش هەواڵی مردنی ئەو کچە چوار ساڵانەی پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، ئاوا ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
شەوی 14-12-2023، هەواڵی ئەشکەنجەدانی ئەو کچە چوار ساڵانە لەلایەن زڕدایکییەوە و گرتەی ڤیدیۆیی کاتی ئەشکجەندانی کچەکە بڵاو کرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە پارێزگای ورمێ و سەرانسەری ئێران دروست کرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، پێش تێکچوونی تەندروستی، زڕدایکی ئەو کچە لێی دەدات و لە بەرهەیوانی ماڵەکەیانەوە فڕێی دەداتە نێو حەوشەکەیان و دواتریش هەر بە لێدان و راکێشان دەیباتەوە ژوورەوە.
زڕدایکی ئەو کچە لەسەر سکاڵای عومەر قارەمانی (باوکی ئاوا)، لەلایەن پۆلیسی ورمێ دەستگیرکراوە و تاوەکو کاتی دادگەییکردنەکەی دێت، لە زیندان دەمێنێتەوە.
باوکی ئاوا قسەی بۆ میدیا خۆجێیەکان کردووە و گوتوویەتی، "داوا لە دەسەڵاتی داد دەکات هاوژینەکەی کە دەکاتە زڕدایکی کچەکەی، لەسێدارە بدرێت."
باوکی کچەکە خەڵکی ناوچەی کوتوولی سەر بە شاری خۆیە لە باکووری پارێزگای ورمێ، چەند ساڵە لە ورمێ نیشتەجێییە و لە هاوژینی یەکەمی جیا بووەتەوە. کوڕێک و کچێکی لە هاوژینی یەکەمی هەیە بە ناوەکانی ئاراس و ئاوا و زیاتر لە ساڵێکە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنێکی دیکە پێکهێناوە.
باوکی کچەکە لە کارخانەیەک لە تەورێز کار دەکات و زۆربەی کاتەکان لە ماڵەوە نییە.
شەوی 14-12-2023، کە دەنگی گریانی کچەکە بیستراوە، دراوسێکانیان پەیوەندییان بە باوکییەوە کردووە و ئەویش گەڕاوەتەوە و بینیویەتی کچەکەی تەندروستی تێکچووە و زڕدایکەکە نەیبردووەتە نەخۆشخانە.
دراوسێکانی ئەو ماڵە بە باوکی کچەکەیان گوتووە، چەند مانگێکە بە تایبەت شەوانە دەنگی گریانی کچ و کوڕەکە دەبیسترێت و زڕدایکیان ئازاریان دەدات.
باوکی کچەکە رایگەیاندووە، سەڕەتا بڕوای بە قسەی دراوسێکانی و تەنانەت خزمەکانیشی نەکردووە کە پێی گوتبوون، زڕدایکەکە ئەشکەنجەی منداڵەکانی دەدات و بە هۆی لێدانی لە لایەن زڕدایکییەوە ئاوای کچی ئەوەی بەسەر هاتووە، بەڵام دواتر لە کامێراکانی چاودێرییەوە خۆی دیمەنی لێدان و ئەشکەنجەدانی کچەکەی بینیوە و تووشی شۆک بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ