رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپ لەسەر داوای دادگەی باڵای تورکیا کورتکراوەی ناوەکەی دەگۆڕێت.
عایشەگول دۆغان، گوتەبێژی هەدەپ، ئەمڕۆ هەینی، 24ـی تشرینی دووەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بینای پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە ئاداری 2024 دەکرێت مەترسی بۆ سەر پارتەکەیان دروست نەبێت، پابەند دەبن بە داواکاری دادگەی باڵای تورکیا لەبارەی گۆڕینی کورتکراوەی ناوی پارتەکەیان، بەڵام ناوی پارتەکەیان ناگۆڕن.
دادگەی باڵای تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023 لە نووسراوێکدا کە بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپ رەوانەی کرد، ئاماژەی بەوەدابوو کە ناوی HEDEP بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ 'HADEP' ناتوانرێت بەکاربهێنرێت و داوای کردووە کە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
دادگای باڵا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک لە ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلاندا نییە، بەڵام کورتکراوەی HEDEP هاوشێوەی هادەپە کە پێشتر داخراوە. لەو نامەیەدا کە بۆ حیزبەکەی ناردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
گوتەبێژی هەدەپ بە رووداوی راگەیاند: "چەند ناوێک پێشنیازکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە، کورتکراوەی ناوی پارتەکەمان چی دەبێت، ئێستا پێشنیازەکان تاوتوێ دەکەین."
پارتی دیموکراسی گەل-هادەپ پارتێکی سیاسی باکووری کوردستانە کە لە 11ـی ئایاری 1994 دامەزراوە. لە 13ی ئاداری 2003 لەلایەن دادگەی دەستووری تورکیا بە بیانووی "ناوەندی چالاکییە نایاساییەکانە" داخرا. 46 ئەندامی هادەپ و لە نێویاندا موراد بۆزلاک سەرۆکی هادەپ و 45 ئەندامی ئەو پارتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە سیاسەت قەدەخە کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ