رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەمریکا لە هەولێر، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و عێراق دەکەن. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و رووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-11-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆبەرت کارەم، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى لە سێناتى ئەمریکا و شاندی یاوەرى کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە کە هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق و رایگەیاند ''دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و رووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەها هاوکاریى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە پێویستزانى''.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ''نێچیرڤان بارزانى جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان دەیەوێت هەموو کێشەکانى لەگەڵ حکومەتى عێراق لە رێگەى دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکات''.
لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق ئامادەى بوو، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانیان تاوتوێکرد و ''جەختیان لە پێویستیى عێراق بە ئارامى و سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى و تێگەیشتنى دروست لە داوا رەواکانى خۆپیشاندەران و خۆدوورگرتن لە تووندوتیژى کردەوە''.
دۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنییەتیى رووبەڕووبوونەوەى، رەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان، هەروەها چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.
ئێوارەی رۆژی شەممە 24-11-2019 مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەبار، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس لە توویتەر پەیامیان بۆ یەکدی نارد. جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، شەرەفێکی گەورەبوو لە هەولێر چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت، بەناوی سەرۆک ترەمپەوە هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و گەلی کورد کە لە ئەنجامی جەنگ دروستببوو لە ناوچەکە دووپاتکردەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیریی ئەمریکای کرد.
مایک پێنس لە بەغدا لەگەڵ هیچ بەرپرسێک کۆنەبووە، تەنیا بۆ ماوەی 25 خولەک لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی کردبوو.
لەسەر ئەم سەردانەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر رەخنەی لە سەردانەکەی گرت و رایگەیاندبوو کە بەغدا پایتەختی عێراق نەک هەرێمی کوردستان.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ