رووداو دیجیتاڵ
کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارنی کوردستان (پەکەکە)یە، پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی بزووتنەوەکە پێشکێشیکردووە. لەبارەی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنقەرە کە بەرپرسانی تورکیا دەیخەنە پاڵ پەکەکە، کەجەکە بەرپرسیارێتییەکە نە رەتدەکاتەوە و نە پشتڕاستیشی دەکاتەوە.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلانی برازای، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "بزووتنەوەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بە گوێرەی ئەو پڕۆسەیەی کە رێبەری ئاپۆ پەرەیپێداوە، هەنگاودەنێت."
ئەوە دیدارە کە یەکەمینی سێ ساڵ و نیوی رابردوو بوو لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان بکرێت، دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد راگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی پەکەکە و وازهێنانی بزووتنەوەکە لە ململانێی چەکداری رابگەیێنێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی،" ئەمە وەک عومەر ئۆجەلان رۆژی پێنجشەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی پێکردووە.
لەو بارەیەوە، کەجەکە دەڵێت: "نوێنەری چارەسەری دیومکراسییانەی دۆزی کورد، رێبەر ئاپۆیە. ئاشتی لە تورکیا بە گەڕانەوە بۆ ئاپۆ بەرقەراردەبێت."
کەجەکە پێیوایە، دیومکراسیبوونی تورکیا بەندە لەسەر چارەسەرکردنی دیموکراسیانەی دۆزی کورد.
کەجەکە جەختدەکاتەوە: ئۆجەلان "ئیرادەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانە و نوێنەر و دانوستاندنکاری چارەسەریی دیموکراسیانەی دۆزی کوردیش، هەر ئۆجەلانە."
بەڵام دەشڵێت: "تا ئەو کاتەی هەلومەرجی تەندروستی، ئەمنی و کارکردن" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان فەراهەم نەکرێن، "نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت."
لە بارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە کەجەکە دەڵێت: "ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ ئۆجەلان کرا، بە ئەرێنی دەیبینین، بەڵام گۆشەگیری کۆتایینەهاتووە. هەروەک ئۆجەلان رایگەیاند، گۆشەگیری بەردەوامە."
هێرشەکەی ئەنقەرە
لە بارەی هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە، کەجەکە دەڵێت: "دەگوترێت ئەو چالاکییەی لە ئەنقەرە کرا، لە لایەن هێزەکانی ئێمەوە بووە. ئەگەر ئەم چالاکییە لە لایەن هێزەکانی ئێمەوە کرابێت، هەپەگە (هێزەکانی پاراستنی گەل) روونکردنەوەی پێویست دەدات."
بەڵام پارتە کوردییەکە رەتیدەکاتەوە ئەو چالاکییە "هەرگیز هیچ پەیوەندییەکی بەو پڕۆسەیەوە هەبێت کە [بۆ ئاشتی] پێشنیارکراوە."
هێرشەکە بە تەقینەوەیەک دەستیپیكرد و دواتر دوو چەکدار بە تفەنگ هەڵیانکوتایە سەر دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکە. لە ئەنجامدا، پێنج کەس کوژران و 22ی کەسی دیکەش برینداربوون. دوو هێرشکارەکەش کوژران.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەکەکە هێرشەکەی کردووە.
وەزیری بەرگریی تورکیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی کرد و گوتی "هەموو جار وەڵامی بەهێزی پەکەکە دەدەینەوە، بەڵام پەند وەرناگرن. هەمیشە گوتوومە و ئێستاش دووپاتی دەکەمەوە، تا لەناوبردنی دوایین تیرۆریست، بەردەوام دەبین لە راوەدوونانیان. هەمووتان ئەوە دەبینن کە بە دووهێندە و زیاتریش وەڵامی ئەو ئازارەیان دەدەینەوە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.
بەپێی بەرگریی تورکیا ، 32 ئامانج تێکشکێندراون و ژمارەیەک گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییە خۆجێیەکان، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کەجەکە لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەم هێرشانە لەبەر کە لەبەر "چالاکییەکەی" کراون، "بە هیچ شێوەیەک قبوولناکرێن. بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ئامانجکەاندا بکرێت، هێرشکراوەتە سەر گوند و شارەکانی رۆژئاڤا و خەڵکیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ کردووەتە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ