رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 32 پێگەی پەکەکە و یەپەگە تێکشکێندراون. میدیای خۆسەری رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، درەنگی شەوی رابردوو، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 32 ئامانج تێکشکێندراون و ژمارەیەک گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "بەمەبەستی نەهێشتنی هێرشە تیرۆریستییەکان دژی جەماوەر و هێزە ئەمنییەکان بە بێلایەنکردنی پەکەکە/کەجەکە و توخمە تیرۆریستییەکانی دیکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لەخۆمان کە لە مادەی 51 ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، لە 23ـی تشرینی یەکەمدا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق و سووریا کراوە".
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیادا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ، دێرک، کۆبانێ، تلرەفعەت و منبج بوونە.
دوای بۆردوومانەکەی تورکیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ پاساو ناوچەکانمان بۆردوومان دەکات، ناوەندە خزمەتگوزاریی و تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمە تاوانی راستەقینەی جەنگە."
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت: "ئێمە چەندینجار ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ نیشانداوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانمان بۆ پاراستنی گەل و خاکمان ئامادەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ