رووداو دیجیتاڵ
ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، عێراق بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی رابکێشێت، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "کلیلی داهاتوو"ـی عێراق و هەرێمی کوردستان پیشەسازیی نەوت و گازە.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا لە بووڵتەنی کاژێر 07:00 کە دڵدار هەرکی پێشكێشی کرد، بەشدار بوو.
ڤێنسنت گوتی: "عێراق دەبێت خۆی لە ناوچەکە وەک هاوبەشێکی جیدی بناسێنێت. عێراق دەبێت ئەوە پیشان بدات کە چوارچێوەیەکی یاسایی و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی رابکێشێت. بێ وەبەرهێنانی بیانی، عێراق بەرەوپێشەوە ناچێت."
دیپلۆماتەکەی پێشووی ئەمریکا پیشەسازیی نەوت و گازی عێراقی بە "کلیلی داهاتووی عێراق" ناوبرد و گوتی، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بە پشتبەستن بەو پیشەسازییە زیاتر خۆی بەرەو پێشەوە ببات.
ڤێنسنت ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێنەکردنی مادەی 140 وایکردووە زیانێکی زۆر بە عێراق و هەرێمی کوردستان بگات.
لەبارەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، ڤێنسنت گوتی: "ترەمپ کەسێکە کە پێشبینی ناکرێت و نازانی چ کاتێک بیروبۆچوونی لەسەر پرسێکی دیاریکراو دەگۆڕێت."
هەرچی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە گوتی: "ئەمریکا چەندین ساڵە پاڵپشتیکاری کوردە و ئەوان شایەنی پاڵپشتیمانن"؛ گوتیشی، "کوردستان دەبێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام کوردستان بێ یارمەتی ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. ئێمە دەبێت یارمەتیان بدەین بگەنە ئەو خاڵە، ئەوە دەبێتە پەیامی من بۆ دۆناڵد ترەمپ."
ڤێنسنت رەتیکردەوە جگە لە هەڕەشەی داعش، هەڕەشەیەکی دیکەی راستەوخۆ لە ناوچەکە لەسەر عێراق هەبێت و گوتی: "بەدڵنیاییەوە هێشتا هەڕەشەی داعش هەیە. ئەوان هێشتا ماون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ