هاووڵاتییەک دوای 20 ساڵ لە فەرەنسا دیپۆرتدەکرێتەوە؛ "کە لێرەم، چۆن بەرگری لە مافی خۆم بکەم؟"

24-10-2023
هونەر رەشید
نەوزاد شەریف لەدوای 20 ساڵ ژیان لە فەرەنسا، دیپۆرتکراوەتەوە.
نەوزاد شەریف لەدوای 20 ساڵ ژیان لە فەرەنسا، دیپۆرتکراوەتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاووڵاتییەکی شاری دهۆک بە ناوی نەوزاد شەریف لەدوای 20 ساڵ ژیان لە فەرەنسا بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵەکانی دیپۆرتدەکرێتەوە. کاتێک لە فەرەنسا بووە، ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنێکی فەرەنسی پێکهێناوە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و بووەتە هۆی دیپۆرتکردنەوەی. نەوزاد تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و داوا دەکات هاوکاریی بکرێت بۆ ئەوەی بچێتەوە فەرەنسا و کێشەکەی چارەسەر بکات. 
 
نزیکەی 50 رۆژە نەوزاد بێ ماڵ و حاڵە، زۆربەی کاتەکانی لەنێو باخچە و کۆڵانەکانی شاری دهۆک بەسەر دەبات. کاتێک هاوژینەکەی لە دهۆک گیانی لەدەستدا، دوو منداڵیان هەبوو. لە ساڵی 2003 بە قاچاخی دەچێتە فەرەنسا. لە ساڵی 2005 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنێکی فەرەنسیی پێکدەهێنێت، دوو منداڵیان هەن. لە ساڵی 2015 بڕیاریدا هەردوو منداڵەکەی لە دهۆکەوە بباتە فەرەنسا. بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی ساڵێک، ئەو دوو منداڵەی لە دهۆکەوە چوون، لەگەڵ زڕدایکە فەرەنسییەکەیان بە تۆمەتی لێدانی منداڵەکان سکاڵا لەسەر باوکیان تۆمار دەکەن. لەبەر ئەوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەنددەکرێت. ماوەی حەوت ساڵە هیچ سۆراخێکی لە منداڵە کوردەکانی نییە. دیپۆرتی بەغدا کراوەتەوە. 
 
نەوزاد شەریف دەڵێت، "لە ساڵی 2015 منداڵەکانی هاوژینی یەکەمم بردنە فەرەنسا. لەدوای ئەوە، دوو سێ مانگی پێنەچوو، هاوژینە فەرەنسییەکەم بە دڵی نەبوو. هەربۆیە ئەو ئاشووبەی نایەوە و منداڵەکانمی قایلکرد لە دژی من بوەستنەوە و من دەستگیرکرام بە بیانووی ئەوەی کە گوایە لە منداڵەکانم داوە. راستییەکەی بەوجۆرە نییە. من ناوم لە رۆژنامەکان بڵاوکراوەتەوە کە پشتم لە منداڵەکانم نەکردووە و منداڵەکانم لەگەڵ خۆم بردە فەرەنسا. هەرچییەکی ویستبێتیان بۆم کردن."
 
نەوزاد هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسییە. بە دەیان بەڵگەی فەرمیی هەیە کە هەموو ئیشوکارەکانی بە دروستی کردوون. رەگەزنامە لەگەڵ شوێنکاری فیتەری لەگەڵ 30 ئۆتۆمبێل لێی سەندراونەتەوە. بەگوتەی خۆی، بەبێ بڕیاری دادگە دیپۆرتکراوەتەوە. ئێستا بەشێوەیەکی کاتی لە ماڵی براکەی لە دهۆک دەمێنێتەوە. 
 
نەوزاد دەڵێت، "بەبێ فەرمانی دادوەر دیپۆرتکراوم. کەسێک لە نێو حکومەتدا ئەمەی لەگەڵ کردووم. ماوەی 20 ساڵە من لەوێم. چوار منداڵم هەیە. گەراجی ئۆتۆمبێلم هەیە. هەموو شتێکیان لێسەندوومەتەوە. حەزدەکەم بمگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لەوێ لەڕێگەی یاسا و حکومەت، پارێزەر و حاکمەوە کێشەکەم لەگەڵیان چارەسەر بکەم. من کە لێرە بم، چۆن دەتوانم بەرگری لە مافی خۆم بکەم؟ ." 
 
ئێستا نەوزاد هیچی بەدەستەوە نەماوە. هیچ بەرچاوڕوونییەکی نییە. چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمیی وەرینەگرنەوە و بیگەڕێننەوە فەرەنسا." 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.