بەرپرسیار؛ ژنێک تووشی پەککەوتنی گورچیلە بووە و پێویستی بە هاوکارییە

24-10-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
حەلیمە محەممەد.
حەلیمە محەممەد.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەلیمە محەممەد تووشی پەککەوتنی درێژخایەنی گورچیلە بووە، هەشت مانگە دۆخی تەندروستیی بەوشێوەیەیە و سۆندە لە ملیدایە. هەفتانە دوو جار لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری گورچیلەکانی بۆ دەشۆردرێن، ئێستا پزیشک پێی گوتووە دەبێ چاندنی گورچیلەی بۆ بکرێت.
 
ئەڤین یەکێک لە کچەکانی حەلیمە ئامادەیە گورچیلەی خۆی بە دایکی بدات، بەڵام کەمدەرامەتی رێگرە لە رزگارکردنی ژیانی دایکی.
 
حەلیمە محەممەد دەڵێت: "هەشت مانگە شوشتنی گورچیلە دەکەم، چوارشەممان و یەکشەممان، دوو سۆندەم لێرە گۆڕی، دوایین سۆندەیان دکتۆر گوتی دەبێت چاندن بکەیت. پشکنینمان بۆ کچەکەم کرد، ئەو جگەری چەوریی هەیە، دکتۆر گوتی نابێت. کچەکەم هاوژین، ئەو تەمەنی 20 ساڵە، ئەو گورچیلەم پێدەدات. توانام نییە نەشتەرگەری بکەم، داوا لە خێرخوازان دەکەم، یارمەتیمان بدەن."
 
خێزانەکەی حەلیمە کەمدەرامەتن، هاوژینەکەشی 8 ساڵە جەڵتە لێیداوە و توانای کارکردنی نەماوە، کچێکیشیان نڤیشکانە، بۆ بژێویی رۆژانە دوو کوڕی ماڵەکە کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە کرێکاری دەکەن، بۆ خەرجیی دەرمان و چارەسەری مانگانەی حەلیمە و هاوژین و کچەکەی، پشت بە هاوکاریی نووسینگەی تەندورستیی نێچیرڤان بارزانی و خێرخوازان دەبەستن.
 
مستەفا تەها، هاوژینی حەلیمە محەممەد دەڵێت، "وەستای سەبە بووم، ئەوە هەشت ساڵە کەوتوومەتە سەر جێگا و کەس نییە ئیشم بۆ بکات، خێزانیشم ئاوای لێهاتووە، گورچیلەی وەستاوە. داوا لە خێرخوازان و بەرپرسان دەکەم یارمەتیمان بدەن بۆ ئەو نەشتەرگەرییە، 14 ملیۆنی تێدەچێت، 14 ملیۆنم لە کوێ بوو، من 250 دینارم نییە."
 
ئێستا پزیشک چاوەروانی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانە بۆ ئەوەی حەلیمە بە زووترین کات گورچیلەی کچەکەی بۆ بچێندرێت.
 
بڵند نەقشبەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بە دڵنیاییەوە، چەندە زوو بۆی بکرێت باشترە، لەبەر ئەوەی نازانی ماوەی چەند دەتوانێت لەسەر شوشتن بێت، لەوانەیە کێشەیەک روو بدات، لەوانەیە شتێک روو بدات دواتر نەتوانین چاندنیشی بۆ بکەین. باشترە زووتر بیکات. لەبارەی ئەوەی لە نەخۆشخانەی تایبەت چاندنەکەی بۆ بکرێت، نرخەکەی لە نێوان 11 بۆ 12 ملیۆنە." 
 
بەگوێرەی زانستی پزیشکی، ئاساییە مرۆڤ بەیەک گورچیلە بژی، ئەوەی یەک گورچیلەی دەبەخشێت و ئەوەی گورچیلەکەشی بۆ دەچێندێت، دوای نەشتەرگەری ژیانێکی ئاساییان دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە