بە تۆمەتی بەڕەڵاکردنی 'سەگی گەڕ' لە عەربەت سکاڵا لە شارەوانیی سلێمانی تۆمار دەکرێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دووشەممەی رابردوو، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت، شاره‌وانیی سلێمانى بە بەڕەڵاکردنی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌گى گه‌ڕ له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌یان تۆمەتبارکرد. دوێنێش پێنج کەسایەتیی عەربەت بە نوێنەرایەتیی دانیشتووانی ناحیەکە سکاڵایان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی تۆمارکرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، نەبەز محەممەد، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کارەی شارەوانیی سلێمانی سووکایەتیکردن بوو بە دانیشتووانی عەربەت، بەجۆرێک وەک بڵێی ئەم ناحیەیە کەسی تێدا ناژی کە بەوجۆرە سەگی گەڕیان تێدا بەڕەڵا کردووە، لەبەر ئەوە وەکو پێنج کەسایەتیی عەربەت دوێنێ 18ـی ئەیلوول؛ بە نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانی ناحیەکە، لە دادگەی بەرایی شارەزوور سکاڵامان لە سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و جێگرەکەی تۆمارکرد."
 
نەبەز محەممەد ئاماژەی بەوەدا زانیویانە شارەوانیی سلێمانی دەیەوێت ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ ئەو بابەتە بنێرێت، بەڵام دەڵێت بە گەڕاندنەوەی سەگەکانیش ئەوان سکاڵاکە ناکشێننەوە تاوەکو سەرۆکی شارەوانیی لە میدیاوە بە فەرمیی داوای لێبووردن لە سەرجەم دانیشتووانی عەربەت نەکات.
 
لە سکاڵاکەی نوێنەرایەتیی دانیشتووانی عەربەتدا هاتووە: "لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە زیاتر لە 50 سەگی تووشبوو بە نەخۆشیی گەڕی لە ناحیەکەمان بەڕەڵا کراون، کە بوونەتە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناک لە ناحیەکە، داوا لە دادگە دەکەین رێکاری یاسایی لەو بارەیەوە بگرنەبەر."
 
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە رووداوی گوت، "ئاگاداری سکاڵای ئەو کەسایەتییانەی ناحیەکەین و ئێمەش بە هەمانشێوە رۆژی دووشەممە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی عەربەت، سکاڵا لەسەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی تۆمار دەکەین."
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکەدا شارەوانییەکەی لەو کارە بێبەریی کرد، لەبارەی سکاڵاکانەوە گوتی، "ئاگاداری ئەو سکاڵایانە و ناردنی لیژنەش نین بۆ ناحیەکە، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆشمان لەسەر بابەتەکە نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".