کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدرید: کورد لە ئیسپانیا ناوێکی ناسراو نییە

24-05-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا
ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا و پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان. ئایدن ئۆستان دەڵێت، "کورد لە ئیسپانیا ناوێکی ناسراو نییە" و ئاماژە بەوەش دەکات کە "کەمتر لە 500 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەژین." 
 
لە ساڵی 2010 ـەوە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کراوەتەوە؛ ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتییەکە دەڵێت، "لەو کاتەوە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئیسپانیادا هەیە و هەوڵی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەمان داوە؛ هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ هەرێمەکانی ئیسپانیادا هەیە"؛ گوتیشی، "رەنگە پەیوەندییەکان بەراورد بە وڵاتانی دیکە وەک پێویست نەبن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی رەوەندی کوردی لە ئیسپانیا بەراورد بە وڵاتانی دیکە کەمترە. هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان کە لە ئیسپانیادا دەژین کەمتر لە 500 کەس دەبن؛ ژمارەیەک قوتابی کورد لە ئیسپانیا دەخوێنن و ساڵانەش نزیکەی 50 قوتابی هەرێمی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی ئیسپانیا دەست بە خوێندن دەکەن." 
 
هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانییان کەمترە. ئۆستان دەڵێت، "کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان. ئیسپانیا کەمترین دامەزراوە و کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ رەنگە پرسی داواکاری جیابوونەوەی هەرێمەکانی ئیسپانیا و خواستی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دوودڵی بۆ ئیسپانیا دروستکرد بێت لەوەی پەیوەندییەکان خراپ بن؛ هەروەها ئیسپانیا پەیوەندییەکی بەهێزتری هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەراورد بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." 
 
کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەڵێت، لە نێو یەکێک لە مۆزەخانەکانی ئیسپانیا ناوی کورد وەک شەڕکەرێکی بەهێز و ئەزموونداریش لە بواری تیروکەوان هەڵواسراوە و دەڵێت، "لە ساڵی 1212 لە یەکێک لە شەڕەکان ئیسپانیا پێویستی بە کورد بووە و هاتووەتە کوردستان؛ لەو سەردەمەدا کورد بە شەڕکەرێکی باش ناسراوە و چەند کوردێکی بردووە بۆئەوەی فێری تیروکەوانیان بکات، کە ئێستا لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی ئیسپانیا وەک رێزێک ئاماژە بۆ ئەوە کراوە"، بەڵام دەشڵێت "ئێستا کورد ناوێکی ناسراو نییە لە ئیسپانیا، چونکە ژمارەی کورد لە ئیسپانیا زۆر کەمە." 
 
لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە بواری تەندروستیدا، ئایدن ئۆستان دەڵێت، ساڵی رابردوو پڕۆژەیەکی هاوبەشی تەندروستی تاوتوێکراوە لە نێوان هەرێمی کاتەلۆنیا و هەرێمی کوردستان و هەوڵدراوە ساڵانە تا پێنج منداڵی تووشبووی شێرپەنجە بنێردرێنە هەرێمەکە بۆ چارەسەر و ئێستا پڕۆژەکە لە سەرەتای کارکردنیدایە. 
 
ئیسپانیا لە بواری وەرزشدا بەناوبانگە و هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید هەواداری زۆریان هەیە لە هەرێمی کوردستان. نوێنەرایەتیی هەرێمی کودستانیش لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی وەرزشیدایە بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وەرزشیی ئیسپانیا. ئایدن ئۆستان دەڵێت، "لە ساڵی رابردووەوە لەسەر پرۆژەیەک کار دەکەم لەگەڵ یانەی ئەتلێتیکۆ مەدرید؛ لەگەڵ بەشی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی یانەکانی بارسێلۆنا و ریال مەدریدیش گفتوگۆم کردووە، بەڵام یانەی ئەتلێتیکۆ مەدرید هەنگاوی ناوە تا بێتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە چوار قوتابخانە بکاتەوە، ئەوەش بە چەند قۆناخێک دەبێت." 
 
گوتیشی، "پڕۆژەکەم خستووەتە بەردەستی جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ هەردووکیان پشتیوانییەکی تەواویان بۆ پرۆژەکە دەربڕیوە. ئەم پرۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ دەبن و لە رێگەی ئەم ئەکادیمیایانەوە دەتوانرێت منداڵان بە جوانی لە بواری وەرزشدا پەروەردە بکرێن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".