رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆڕدرا. کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، گۆڕانکارییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کارەکانە.
حەیدەر محەممەد، بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ سێشەممە 23ی نیسان گۆڕانکاری کراوە و بڕیارەکەی بەدەستگەیشتووە، "ئێستا کەسێکی دیکە بەناوی مەڕوان محەممەد بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوە."
حەیدەر محەممەد نازانێت هۆکاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی چییە و دەڵێت، "بڕیارەکەم بەدەست گەیشت، بەڵام هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ ئەو بڕیارە بە دەستم نەگەیشتووە و نازانم بۆچی ئەو گۆڕانکاریە کراوە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو 24-04-2024 لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی وەرگرتووە، گۆڕانکارییەکان ئاسایین و ئەم ماوەیە زیاتر لە بەڕێوەبەرێک لە کۆمیسیۆن گۆڕدراون.
ئەو سەرچاوە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "ئەو بەڕێوەبەرانەی ئەم دواییە گۆڕدراون، بەشێکیان لەسەر داوای خۆیان بووە و بەشێکیان بڕیاری کۆمیسیۆن بووە بە هۆکاری بەرەوپێشبردنی زیاتری کارەکان."
هەر ئەمڕۆ ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان مەروان محەممەد ساڵحی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێر لە شوێنی حەیدەر محەممەد ئەکرەم.
لەبارەی هۆکاری بڕيارەکە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت، "ئەم راسپاردنە لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی گشتی و گرێنتی دان و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی کارەکان لە نێوان کارگێڕی و بەرپرسانی هۆبەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکە ئەنجام درا، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ