لە گوندێکی ئامێدی بەهۆی تۆپبارانەوە داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت نەچنە مزگەوت

24-03-2024
هونەر رەشید
مزگەوتی گوندی بەرچی. وێنە: رووداو
مزگەوتی گوندی بەرچی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی ئایینی لە گوندێکی ئامێدی بە بڵندگۆ داوا لە هاونیشتمانییان دەکات نەچنە مزگەوت و لە ماڵەوە نوێژی تەراویح بکەن. هۆکارەکەش تۆپباران و بۆردوومانی بەردەوامی سوپای تورکیا یە لە سنوورەکە. 
 
لەزگین بەرچی، بانگبێژ و پێشنوێژخوێنی گوندی بەرچییە لە سنووری قەزای ئامێدی؛ ناچار بووە بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی گوندەکەی لە بۆردوومانی سوپای تورکیا بە بڵندگۆ بڵێت، خەڵکینە نەیەنە مزگەوت و لە ماڵەکانتان نوێژ بکەن. 
 
مامۆستا ئاینییەکە چەند پارچە تۆپێک کە لەنێو مزگەوت کەوتوون، هەڵیگرتوونەتەوە و پێشانی رووداوی دان. 
 
لەزگین بەرچی، بانگبێژ و پێشنوێژخوێنی گوندەکەیە و دەڵێت: "یەکەم جارە بەم شێوەیە گوندەکەمان بۆردوومان دەکرێت. تۆپەکان لە دەورووبەری گوند کەوتوونەتە خوارەوە و مەترسیی کەوتووەتە سەر گوندەکەمان، بۆیە ناچار بووین بچینە مزگەوت و لە بڵندگۆوە داوامان لە خەڵکی گوندەکەمان کرد هیچ کەسێک لە ماڵەکانیان دەرنەکەون بۆ ئەوەی هیچ شتێکی دڵتەزێن روونەدات و هاوگوندییەکانیش بە داواکەمان پابەند بوون و لە ماڵەکانیان مانەوە. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەم مەترسییە لەسەر هاوگوندییەکانمان هەڵگرێت و ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە." 
 
ماوەی چوار رۆژە هەرسێ گوندی سەرگەلی، بەرچی و بڵاڤە لە نزیک چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی بە چڕی تۆپباران دەکرێن. بەو هۆیەشەوە دانیشتووانی ئەو گوندانە ناتوانن کاروباری رۆژانەیان بکەن و ناچنە دەرەوە. 
 
محەممەد تاهیر، دانیشتووی گوندی بەرچییە و دەڵێت، "دەستمان لە کاری خۆمان بەرداوە، ماوەی دوو سێ مانگە ناوێرین لە گوندی خۆمان بچینە دەرەوە. پێرێ شەو بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامەوە گوندەکەمان دەلەرییەوە و تۆپەکان بە دەورووبەری گوند کەوتن، خەڵکیش زۆر ترسا. هیچ خۆشییەکمان نییە بەدەست ئەم دۆخەوە." 
 
ساڵح شێنی، دانیشتووی گوندەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "شوێنی ئێمە بەهۆی ئەم تۆپبارانەوە ناخۆش بووە. بەردەوام لای ئێمە تۆپباران دەکرێت. دەترسێین و هیچ رێیەکی دیکەمان نییە. هیوادارین رێگەیەکمان بۆ بکەنەوە، چارەسەرییەکمان بۆ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانین لێرە بژین." 
 
لە سنووری قەزای ئامێدی بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تائێستا 206 گوند چۆڵکراون و نزیکەی 40 هاونیشتمانیی ناوچەکە شەهید بوونە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.