ئاسایشی گەرمیان: شەش کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادران

24-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، شەش کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بە زیاتر لە ساڵێک زیندانی و بە پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار سزادران.
 
رۆژی سێشەممە 24-1-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا سزادانی شەش کەسی بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر راگەیاند، کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیرکراون و دۆسیەکانیان خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
 
ئاسایشی گەرمیان رایگەیاندووە، دوای چەندین دانیشتنی دادگە و خستنەڕووی تەواوی بەڵگەکان و دانپێدانانیان، تۆمەتبارەکان سزادراون.
 
شەش کەسە سزادراوەکە و سزاکانیان بەو جۆرەیە: 
 
یەکەم: (م، ر، ک) لە دایكبووی 1984، بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە 24-10-2022 دەستگیركراوە و لەلایەن سەرۆكایەتیی دادگەی تاوانەكانی كەركوک/گەرمیان (دادگەی كەتنی كەلار) 22ی ئەم مانگە بەپێی مادەی 30 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020 تایبەت بە مادە هۆشبەرەكان بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار سزادراوە و لەکاتی نەدانی پارەکەش یەک ساڵ بەند بکرێت. 
 
دووەم: (ش، ج، ئـ) لە دایكبووی 1986، لە 11ی ئەم مانگە دەستگیركراوە و لەلایەن سەرۆكایەتیی دادگەی تاوانەكانی كەركوک/گەرمیان (دادگەی كەتنی كەلار) 17ی ئەم مانگە دادگایی کراوە و بە یەک ساڵ زیندانیکردن و بە پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار سزادراوە، لە کاتی نەدانی پارەکە، شەش مانگی دیکەش بەند دەکرێت. 
 
سێیەم: (هـ، م، ع) لە دایكبووی 1995، هەر بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە 20-6-2022 دەستگیرکراوە و لە 18ی ئەم مانگە دادگایی کراوە، بە یەک ساڵ و سێ مانگ زیندانیكردن و پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار سزادراوە. لەکاتی نەدانی پارەی شەش مانگ بەندکردن بۆ سزاکەی زیاد دەکرێت. 
 
چوارەم: (م، ع، ع) لە دایكبووی 1974، لە 3-8-2022 لەلایەن هێزەكانی یاریدەدەری ئاسایشی دەربەندیخان دەستگیركراوە و 15ی ئەم مانگە لەلایەن (دادگەی كەتنی دەربەندیخان) دادگایی کراوە، بە یەک ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردن بە بڕی پێنج ملیۆن دینار سزادرا، لە كاتی نەدانی پارەکەیدا یەک ساڵ بەندکردن دەخرێتە سەر سزاکەی.
 
پێنجەم: (م، م، ل) لە دایكبووی 1994، لە 26-11-2022  لەلایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی كەلار دەستگیركراوە، 22ی ئەم مانگە بە پێی مادەی (30) لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020 تایبەت بە مادە هۆشبەرەكان دادگایی کراوە بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانیكردن و بە بڕی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی سزادرا، لە كاتی نەدانی پارەکەی یەک ساڵی دیکەش لە زینداندا دەمێنێتەوە.
 
شەشەم: (م، ع، م) لە دایکبووی 1998، لە 28-11-2022 دەستگیرکراوە و 19-12ی هەمان ساڵ بە یەک ساڵ زیندانیکردن و پێنج ملیۆن دینار سزادراوە و لە كاتی نەدانی پارەکەی یەک ساڵی دیکەش لە زینداندا دەمێنێتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە