کارەبای گەرمیان: نزیکەی 53 ملیار دینارمان لای هاوبەشانی کارەبایە

02-08-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن کارەبا گەرمیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان رایدەگەینێت، 86٪ـی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە و زیاتر لە 53 ملیار دینار قەرزیشیان لای هاوبەشانی کارەبایە.

 

ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەرمیان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، رۆژانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 15 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانیان و 9 کاژێرەکەی دیکە لەڕێگەی موەلیدە ئەهلییەکانەوە پڕدەکەنەوە.
 
بەگوتەی ئالان ئەرکان، سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 200 مێگاوات کارەبای پێویستە و پشكی لە کارەبای نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 4.7٪ـی کارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستانە، کە دەکاتە 120 مێگاوات کارەبا، بۆیە نزیکەی 9 کاژێر کورتهێنانی هەیە.
 
وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتیی گەرمیان، کە لە گازی هاوەڵ (بەفیڕۆچووی) بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ساڵی 2021 کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە. رووبەری وێستگەکە 35 دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە 180 موەلیدە و 45 گۆڕەر، توانای بەرهەمی کارەبای هەر موەلیدەیەکیشی 0.9 مێگاواتە.
 
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت،" لەسەرەتای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، گرفت بۆ کارکردنی وێستگەکە دروست بوو، بەڵام وێستگەکە ئێستا کاردەکات و رۆژانە نزیکەی 85 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و دەخرێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان."
 
لەبارەی گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بە گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان کە تاوەکو ئێستا تۆڕی کارەبای نیشتمانیان پێ نەگەیێندراوە، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆی نزیکەی 45 گوند کە کارەبای نیشتمانییان نەبووە، لەماوەی ساڵانی 2021 تاوەکو 2023، کارەبای نیشتمانی گەیێندراوەتە 22 گوند لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەلار و کفری و خانەقین کە رێژەی 8٪ـی داهاتی فرۆشتنی کارەبا و بودجەی وەزارەتی کارەبایە.
 
گوتیشی، 23 گوند لە سنوورەکەدا ماون کارەبایان بۆ رابکێشرێت، ئەوانیش ئێستا پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە و لە ئیدارەی گەرمیان بانگەواز بۆ پڕۆژەی راکێشانی کارەباکەیان کراوە. پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیا دەرچووە و لە قۆناخی جێبەجێکردنی رێکارە کارگێڕیی و داراییەکانە.
 
بەگوتەی ئالان ئەرکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان، "بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، هیچ گوندێک نامێنێت لە گەرمیان کارەبای نیشتمانی نەبێت."
 
ناوچەی گەرمیان گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی خۆر لە سنوورەکەدا جێبەجێنەکراوە، کارەبای گەرمیانیش رووبەری 300 دۆنم زەویی بۆ پرۆژەی سۆلار (بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر) تەرخانکردووە.
 
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "رووبەری 300 دۆنم زەویمان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی خۆر لەسنوورەکەدا جێبەجێبکرێت. ئێستا کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان داواکاری پێشکێش کردووە بۆ بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات لەڕێگەی سۆلارەوە بەرهەمبهێنێت."
 
لەبارەی قەرزی کارەبا لای هاونیشتمانییان، ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، نزیکەی 53 ملیار و 452 ملیۆن دینار پارەی قەرزی کارەبا لای هاونیشتمانیان بووە، بەڵام ئەو بڕە گۆڕانی بەسەردا دێت. ئێستا ئێمە وەکو کارەبای گەرمیان داوامان کردووە هاوشێوەی سلێمانی، لێخۆشبوونی 15٪ـی کۆی قەرزی کارەبا سنووری گەرمیانیش بگرێتەوە بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان سوودمەندبن لێی.
 
گوتیشی، لە کۆی 82 هەزار هاوبەشی کارەبا، نزیکەی 68 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، کە رێژەی 86٪ـی هاوبەشان دەکات، لەدوای دابینکردنی پێوەری زیرەک لەلایەن وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، پێوەری زیرەک بۆ ئەو هاوبەشانەی کارەبا دەبەستن، کە تاوەکو ئێستا پێوەریان بۆ دانەنراوە کە گوندەکانیش دەگرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.