هەولێر دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "تەنیا دەستەی دادوەری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەیە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "سبەی یان دووسبەی ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنین، کە ئەنجامەکانمان راگەیاند، سێ رۆژ لەبەردەم حیزب و لایەنەکاندا هەیە کە تانە لە ئەنجامەکە بدەن. ئەوکات دەستەی دادوەری (سێ دادوەرن) بڕیاری لەبارەوە دەدەن."
نەبەرد عومەر زیاتر روونیکردەوە، "ئەگەر دەستەی دادوەران واژۆ بکەن، ئەوە ئەنجامەکان قبووڵ دەکرێ و 100٪ هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بووە و بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە، بەڵام ئەگەر واژۆی نەکەن رێکاری دیکە دەگیرێتەبەر."
رۆژانی 18 و 20ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی 100 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو بەڵگانەی کە چەند لایەنێک بانگەشەی بۆ دەکەن و دەڵێن ساختەکاری کراوە، دەڵێت، "دەتوانن بەڵگەکانمان بۆ بێنن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین، بەڵام من لە سێ رۆژی داهاتوودا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەم و وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان دەدەمەوە. ئەگەر شتێکیان دۆزییەوە با ئیشی لەسەر بکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن."
دوێنێ کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە سلێمانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، "بەڵگەی زۆر و بەهێزمان هەیە کە پێشێلکاری و ساختەکردن هەبووە و دەنگە راستەقینەکانمان وەرنەگرتووەتەوە".
لەبارەی ئامێرەکانەوە، هەندێک حیزب و بەربژێری سەربەخۆ پاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دەستکاریی دەنگی دەنگدەران دەکات و دەنگەکان بەرنامەڕێژکراون. نەبەرد عومەر لەو بارەوە ئاماژەی بەوەدا: "ئەو ئامێرانەی دەنگدان، نوێ نین و هەمان ئەو ئامێرانەن کە لە هەڵبژاردنی 2021 و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش بەکارهاتوون و هەمووشیان قبووڵیان کرد. بۆچی لەوێ ئەو کێشەیە نەبوو، لێرە دروست بوو؟"
ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەل 2 کورسی.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا چەند لایەن کۆدەنگییەک دروست بکەن دەتوانن هەڵبژاردن هەڵبوەشێننەوە؟ نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەدا، "ناتوانن، تەنیا دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و دەستەی دادوەری بڕیاری لەسەر دەدات. ئەو شتانەی باس دەکرێن کە ئەو شاشەیە دەنگەکە دەگوازێتەوە؛ یان بە پلەیەکی گەرمی دیاریکراو دەیسڕێتەوە، راست نییە، چونکە لەم وڵاتە و ئەو هەموو پاڵەپەستۆیە لەسەر ئامێرەکان هەبووە، چۆن ئەمە جێبەجێ دەکرێت و لە لۆجیک زۆر دوورە. کاتی خۆی هەڵبژاردن بەدەست جیادەکراوە، خەڵک هەر گلەیی هەبوو و پاساویان دەهێنایەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ