رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانی کوشتنی نارین گوران، دوێنێ گرتەیەکی نوێی کامێرا دەستکەوتووە. ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەلایەن پەیمانگای توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژی تورکیاوە پشکنینی بۆ دەکرێت.
یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئەیلوول سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئامەد لەبارەی کوژرانی نارین گورانی تەمەن 8 ساڵ ئاماژەی بەوە دا، دیمەن و دەنگ هەیە کە لە ئاستی بەڵگەدایە و تا ئێستا بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراوە.
تونج رایگەیاند، دوێنێ هەندێک گرتەی نوێ دەستکەوتوون و بۆ پشکنین رەوانەی پەیمانگای توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیی تورکیا (TUBITAK) کراون.
نارینی تەمەن 8 ساڵ رۆژی 21ی ئاب لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو؛ دوای 19 رۆژ تەرمەکەی لە تورەگەیەکدا لە رووباری گوندەکەدا دۆزرایەوە.
لەو کاتەوە داواکاری گشتیی ئامەد لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا 12 کەس، کە دایک و برا و مامی نارینیان تێدایە، بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، نارین گوران خنکێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ