هەولێر دیجیتاڵ
بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە کشایەوە و بڕیاریدا بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێت: "دەنگی ئیسلامییەکان پەرت ناکەین و دەنگ بە بەربژێرانی کۆمەڵی دادگەری دەدەین."
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-09-2024، کۆمەڵى دادگەریی کوردستان و بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و تێیدا بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کشانەوەی خۆی لە بازنەی هەڵەبجە راگەیاند: "پاڵپشتیی لیستی کۆمەڵی دادگەری دەکەین."
بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیى کوردستان رایگەیاند، "لە سۆنگەی پەرتنەبوونی دەنگ و مسۆگەرکردنی پێگەی ئیسلامییەکان لە هەڵەبجە، بڕیارمان داوە، لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى پەرلەمانى کوردستان دا، دەنگ بە لیستى کۆمەڵى دادگەری و بەربژێرەکانی بدەین."
کۆمەڵى دادگەریى کوردستان، هەڵوێستى بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستانی بەرز نرخاند و هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قەڵغانی رێزى پێشکێشی بەربژێرانی لیستى بزووتنەوەى پەیوەندى کرد.
گۆران نووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیى کوردستان بە رووداوی گوت، "لە سنووری بازنەی هەڵەبجە سێ کورسی هەن؛ بەپێی پێشبینییەکان دوو کورسی یەکێتی و یەکگرتوو بەدەستی دەهێنن. ئەو کورسییەی دەمێنێت پارتی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری رکابەری لەسەر دەکەن."
گۆران نووری دەڵێت، "لەمەوبەر هەوڵمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دا، بەڵام ئەنجامی نەبوو. خواستی شەقامی ئیسلامیی هەڵەبجە وایخواست کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری پێکەوە بین و بەربژێرەکانمان بکشێنینەوە و بەیەک لیست دابەزین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى پەیوەندیی ئیسلامیى کوردستان روونیکردەوە، "لە بەرامبەردا، کۆمەڵی دادگەری ئەگەر بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا بکات، یان نەکات؛ هاوئاهەنگیی دووقۆڵیمان دەبێت. هاوکات لیژنەی هاوئاهەنگی لەنێوانماندا دروست دەکرێت بۆ هەر پرسێکی تایبەت بە حکومەت یان پڕۆژەیاساکانی پەرلەمان."
هاوکات عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە رووداوی گوت: "هەوڵێکی جیدیمان لەگەڵ دان و برایانی بزووتنەوەیش قبووڵیان کرد کە بەربژێرەکانیان بکێشننەوە و دەنگ بە بەربژێرانی ئێمە لە بازنەی هەڵەبجە بدەن."
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەدا، "لە بەرامبەر ئەو پشتگیری و پشتیوانییەی ئەوان، هەرچی لەدەستمان بێت بەزیادەوە بۆیان دەکەین و ئەم چاکەیان لەبیر ناکەین."
بڕیارە 20ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئەمڕۆش بە فەرمی رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە.
3ـی ئۆکتۆبەری 2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو؛ عیرفان عەبدولعەزیز بە فەرمی بە رابەر هەڵبژێردرایەوە و کامیل حاجی عەلی و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبەکە کۆنگرەکەیان بایکۆت کرد و دواتر رایانگەیاند، لەژێر ناوی حیزبێکی نوێدا بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی" کار دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 18ـی 3ـی 2024، کۆنگرەی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کۆتاییهات و ئەنجامەکەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسندکرا. دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەیان، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، دەرەنجامی کۆنگرەی خۆی لە هەولێر راگەیاند. کامیلی حاجی عەلی بە رابەری بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ