رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی سەرێ کانیێ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەندروستی دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.
رەهشان یازار رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئاب لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانیی سەرێ کانیێ راگەیاند. هۆکارەکەشی بۆ کێشەی تەندروستی گەڕاندووەتەوە.
رەهشان یازار دەڵێ: "پێویستە ئەوە بزانرێت کە لەبەر ئەوەی ناتوانم وەکو هاوسەرۆکی شارەوانی وەک پێویست ئەرکی خۆم جێبەجێ بکەم، ناچارم بەجێیبهێڵم، بەڵام رێگە من هەمیشە هەمان رێگەی حیزبەکەمە."
یازار نووسیویەتی: "ژیان دەتوانێت لە یەک ساتدا ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕێت، هەموو پلانەکان و هەموو سیستمەکە هەڵبوەشێنێتەوە و مرۆڤ ناچار بکات هەندێک بڕیار بدات تەنانەت ئەگەر بەدڵیشی نەبێت. رێگەیەک دەستپێدەکەیت و بۆ ئامانجێک تێدەکۆشیت و خەبات دەکەیت، بەڵام کاتێک شتێکی لەم شێوەیە دەبینیت بەداخەوە دەبێت پشوویەک بدەیت. لە ژیانمدا رووبەڕووی دۆخێکی چاوەڕواننەکراو بوومەوە. بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانم بەردەوام بم لە ئەرکەکەم."
لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری ئەم ساڵدا پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی ئوغور کاهرامان ـی وەک بەربژێری فەرمی ناساند و بەبردنەوەی 46٪ـی دەنگەکان بووە سەرۆکی شارەوانی. رەهشان یازار کە کچی سیاسەتڤانی کورد فەریدون یازارە، هاوسەرۆکی شارەوانییەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ