رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی کەسێک لەنێو ئاوی زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە کە دەست و قاچی بەستراونەتەوە.
شاهێدحاڵێک کە ئاگاداری رووداوەکە بوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کرێکارەکانی کارگەیەکی دەرهێنانی لم و چەو سەرقاڵی کارکردن بوون و لەو کاتەدا تەرمەکەیان لە لێواری زێی گەورە بەدیکردووە.
پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە و تەرمەکە بۆ پزیشکی دادی لە هەولێر گوێزراوەتەوە. هەروەها لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
قەزای خەبات دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگاری هەولێر و زێی گەورەش هەردوو پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک لە یەکدی جیادەکاتەوە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی رووداو بینیونی، وا دەردەکەوێت کەسەکە دوای بەستنەوەی دەست و قاچی کوژرابێت، پاشان خرابێتە نێو رووبارەکەوە. هەروەها نینۆکی لێکراوەتەوە، بەڵام دیارنییە لەنێو رووبارەکە وای بەسەرهاتووە یان پێشتر ئەشکەنجە دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ