رووداو - هەولێر
مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر لەلایەن چەند ژنێکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەشێوەی "میسیار" بۆ ماوەیەکی کاتی هاوسەرگیریی لەگەڵ کردوون و دواتر تەڵاقی داون.
یەکێک لەو ژنانە، بە گوتەی خۆی تەنیا بۆ پرسیارێکی شەرعی لە "سناپ چات" نامەی بۆ مامۆستا ئایینییەکە ناردووە و پرسیاری لەبارەی فرۆشتنی خانوویەک لێکردووە، کە مامۆستا ئایینییەکە زانیویەتی دۆخی دارایی خراپە، پێی گوتووە، هاوکاریی دەکات و دێتە ماڵەکەی بیبینێت، دواتریش لەڕێگەی نامە گۆڕینەوەوە پێشنیازی هاوسەرگیریی "میسیار"ی بۆ کردووە.
ئەو ژنە کە لە لە سییەکانی تەمەنیدایە، پێش پێنج ساڵ هاوژینەکەی کۆچی دواییکردووە، لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو نامە بۆ سناپ چاتی مامۆستا ئایینییەکەی هەولێر ناردووە، دەڵێت، "بۆمی روونکردەوە کە [هاوسەرگیریی میسیار] ئاوایە و ئاوایە، بۆ نموونە منداڵت نابێت و نهێنی دەبێت لە خێزانەکەت؛ ئەگەر کەسێک یان دووان زانییان باقی نابێت کەس بزانێت."
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو، ژنەکە باسی لەوە کرد، "بۆچوونی دایک و باوکم وەرگرت و بە نامەیەکی دەنگی وەڵامی مامۆستام دایەوە، گوتم: ئەوان ناڕازین بە هەموو جۆرێک بەم هاوسەرگیرییە، ئایا مامۆستا ئێمە ناتوانین ئەو هاوسەرگیرییە بکەین وایە؟ گوتی: با دەتوانین. گوتی: بەبێ پرس و رای ئەوان دەتوانین ئەو هاوسەرگیرییە بکەین، چونکە تۆ ئافرەتێکی جارێک هاوسەرگیریت کردووە، هاوسەرەکەت کۆچی دواییکردووە، تۆ کچ نیت، تۆ ژنیت. لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دوو پیاوی لە گرووپ هێنایە سەر هێڵ و لەسەر قسەی ئەوان مارەی کردم، وەکو مارەیی گوتی، مۆبایلێکی ئایفۆن بێت."
بە گوتەی ئەو ژنە، دواتر مامۆستا ئایینییەکە بردوویەتیە شوقەکەی، "کە بۆ خۆی ئامادەی کردبوو، کە چووینە ئەوێ، نزیکەی کاژێرێک بۆ کاژێر و نیوێک ماینەوە. ئەوەی لە بەینی هەر هاوسەرێک بە شەرعی روودەدات، ئەوە روویدا. دواتر رۆشتینەوە. دواجار دوا نامە نزیکی هەفتەیەکی پێچوو، وەڵامی نەدامەوە؛ لەپڕ وەڵامێکی کورتی دامەوە و گوتی من ناتوانم قسە بکەم، پیاوێک هاوڕێمە و تەلەفۆنت بۆ دەکات و قسەت لەگەڵ دەکات، منیش یەک دوو نامەی دیکەم بۆ نارد هەر ئەوکات؛ گوتم چی بووە مامۆستا؟ خێرە؟ پێم بڵێ چی بووە؟ هەر ئەو نامەیە بوو رێک بلۆکیشی کردم و هیچ نامەیەکی دیکەی وەڵام نەداوە."
ئەو مامۆستا ئایینییەی ئەو ژنە باسی دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەر و گوێگرێکی زۆری هەیە، تەمەنی 45 ساڵە و هاوژین و سێ منداڵیشی هەیە؛ دوای ئەوەی ئەو ژنەی بلۆک کردووە، بە هاوڕێیەکی پەیامی بۆ دەنێرێت کە تەڵاقی داوە.
بو گوتەی ئەو ژنە، ئەو مامۆستا ئایینییە پێی گوتووە، "لەدوای تۆ بە هەمان شێوە لە پێنج ژنی دیکە جیابووەتەوە."
تۆمارێکی دەنگیش هەیە کە گفتوگۆی نێوان مامۆستا ئایینییەکە و ئەو ژنەیە لەدوای جیابوونەوەیان. لە تۆمارەکەدا ژنەکە دەڵێت، "مامۆستا ئەوە غەدرێکی زۆر زۆر گەورەیە لە من و ناتوانم بە هیچ شێوەیەک قبووڵی بکەم، مردنی تێدا هەڵدەبژێرم." بەپێی تۆمارە دەنگییەکە، مامۆستا ئایینییەکە لە وەڵامدا گوتوویەتی، "کابرایەک غەڵەتە کە ئەو ئیشەی کردووە، بەڵام خێزانی یەک قسەی رەقی بەرامبەر کرد تەڵاقی دەدا؛ باشە ئەگەر جیابوونەوە روونەدات، من بە تەلەفۆن قسەت لەگەڵ نەکەم و تۆ نەبینم، نازانم هەتا کەی؟"
رووداو بابەتەکەی بردە لای لیژنەی فەتوا و پرسیاری لێیان کرد، ئایا خانمێک بە هاوسەرگیریی میسیار، بەبێ رەزامەندیی وەلی ئەمر و بە دوو شاهید و ئۆنلاین مارە بکرێت و بۆ تەنیا یەک رۆژ هاوسەرگیرییەکە بەردەوام بێت، ئەمە لە ئیسلامدا دروستە یاخود نا؟
لە وەڵامدا پڕۆفیسۆر د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان گوتی، "شاهید بە ئەلیکترۆنی و بە رێگەی دەنگێکەوە لە شەرعدا دروست نییە، دەبێت ئەو دوو شاهیدە لە هەمان دانیشتن ئامادەبن. زۆربەی زۆری ئەمانە بە دزیی وەلی ئەمریشەوە جێبەجێ دەکرێت، دەی وەلی ئەمریش مەرجە و روکنێکە لە ئەرکانی گرێبەستی نیکاح، ئەگەر وابێت و یەکێک لەمانەی تێدا نەبێت، بەڕاستی باتڵە و هەر دروست نییە."
دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونی پەیامنێری رووداو، بۆی دەرکەوت خانمەکە تەنیا قوربانیی دەستی ئەو مامۆستا ئایینییە نییە.
خزمی ژنێکی دیکە بە رووداوی گوت، "بە واتسئەپ هەندێک قسەیان کردبوو و بەردەوام بوون، دوایی گوتبوویە ئافرەتەکە، حەز دەکەم بێم سەردانت بکەم، یان وێنەیەکی خۆت بنێرە، کە وێنەی خۆی ناردبوو، ئافرەتەکە ئافرەتێکی زۆر جوانە و رێکوپێکە و لە جوانییەکەی دیارە سەرسام بووە، مامۆستا پێی گوتووە: بەسەرچاو، بەڵام من هەندێک مەرجم هەیە؛ داوای پەیوەندیی لێکردبوو و گوتی خانووت بۆ دەکەم."
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە مامۆستا ئایینییەکەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لەسەر ئەو بابەتە بڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ