رووداو دیجیتاڵ
کایاهان تورکمەنئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی وان رایگەیاند، چالاکییەکانی گەڕان بەدوای نەوت لە وان دەستیپێکردووە و لە ماوەی داهاتوودا مژدەی نەوتی ئەم ناوچەیە لەگەڵ تورکیادا بڵاودەکەنەوە
ئەم پەرلەمانتارەی ئاکپارتی درەنگی شەوی چوارشەممە 21ـی ئاب تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: "ئەمڕۆ بە دووری 24 کیلۆمەتر لە باکووری ناوچەی ئەرچەک، 16 کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەی مورادییەیمان، ناوچەی کورزاتین. ئێمە لێرە چاوەڕێی مژدەیەکی گەورە دەکەین، کارکردن بە چڕی بەردەوامە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "لە ئەنجامی گەڕان، پاشان دامەزراندنی تاوەرەکە و کونکردنی 1500 مەتر لە ژێر زەویدا، لەم ناوچەیەدا بە پشتیوانی خودا لە ماوەی داهاتوودا مزگێنی نەوت لەگەڵ تورکیادا بەش دەکەین".
پێشتر ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاندبوو، لە مانگی ئەیلوولدا چالاکییەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا لە وان دەستپێدەکات، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەت بڕیاری دا مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت لە چوار کێڵگەی جیاواز لە پارێزگای وان بداتە دامەزراوەی نەوتی تورکیا بۆ 5 ساڵ.
ئەو دامەزراوەیە لە سنوورەکانی پارێزگای وان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە چوار کێڵگەی جیاوازدا بەدواداچوون بۆ نەوت دەکات.
بە گوێرەی ئەو بڕیارە مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت بۆ رووبەرەکانی 60 هەزار و 247 هێکتار، 60 هەزار و 240 هێکتار، 60 هەزار و 448 هێکتار و 60 هەزار و 455 هێکتار، لە سنووری ئەو پارێزگایە دەرکراوە.
تورکیا هەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای گازی سرووشتی و نەوتدا خێراتر کردووە بۆ زیادکردنی توانای وزەی خۆی و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ