بووکەکەی کۆیە لە سۆران دەستگیرکرا؛ سزاکەی چییە؟

22-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن کۆیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران دەڵێ، ئەو ژنەیان دەستگیر کردووە کە بڕیار بووە لەگەڵ کەسێک لە کۆیە ئاهەنگی هاوسەرگیری بکات؛ دەشڵێ، بووکەکە لەلایەن پیاوێکی دیکەوە براوەتە سۆران بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. پارێزەرێکێش دەڵێ، ئەگەر بووکەکە لەگەڵ پیاوەکەی سۆراندا سەرجێیی کردبێ دوو بۆ سێ ساڵ سزا دەدرێ و ئەگەریش وا نەبێ سزاکەی "سووک" دەبێ.
 
ناوەڕاستی ئەم مانگە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵاتنی بووکێک لە زاوا لە رۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا لە کۆیە لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە، هەواڵەکە دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد؛ دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران بووکەکەیان دۆزیەوە و دەستگیریان کرد.
 
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، شێروان خالید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خێزانی زاواکە لە کۆیە دژی بووکەکە سکاڵایان تۆمارکردبوو و دوای گەیشتنی زانیاریی بە ئەوان، بە هاوکاری ئاسایشی سۆران بووکەکەیان دەستگیرکرد.
 
لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنی بووکەکەی کۆیە بۆ سۆران، شێروان خالید گوتی، "کچەکە بە رەزامەندی خۆی لەگەڵ پیاوێکدا هاتووەتە سۆران؛ خواستی هاوسەرگیرییان هەبووە، بەڵام پێش هاوسەرگیری و بردنی بۆ دادگە، دەستگیرکراوە".
 
ئەو پیاوەی ژنەکەی بردووەتە سۆران بۆ هاوسەرگیری، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە؛ گوتەبێژەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەڵێ، پیاوەکە پێشینەی هاوشێوەی هەیە و پێشتریش ئافرەتێکی بەبێ رەزامەندی کەسوکارەکەی بردووەتە سۆران.
 
پۆلیس پیاوەکەی سۆرانی دەستگیر نەکردووە؛ شێروان خالید دەڵێت، کەسوکاری زاواکە لە کۆیە نەیانزانیوە بووکەکەیان لەگەڵ کێ و چووەتە کوێ؛ بۆیە تەنیا سکاڵایان لەسەر بووکەکە تۆمار کردووە، بەپێی ئەوەش کە  کەس سکاڵای لەسەر پیاوەکە تۆمار نەکردووە، دەستگیرنەکراوە. 
 
کەسوکاری زاوا بە رووداویان گوتبوو، سێ ملیۆن دینار و 5 مسقاڵ زێڕیان بە بووکەکەیان داوە و بردوویەتی؛ لەبارەی چارەنووسی ئەو پارە و زێڕەوە، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی سۆران گوتی، کچەکە بە ئەوانی گوتووە پارە و زێڕەکەی ماوە و لای دایکی دایناوە.
 
ئێستا بووکەکە کە پۆلیس ناوەکەی بە (ح. ک. م) بڵاوکردووەتەوە، لە گرتن و گواستنەوەی سۆران لەزینداندایە و بەگوێرەی مادەی 446 دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە دزیکردن، بەڵام وەکو شێروان خالید دەڵێ، ئەگەر هەیە دادوەر مادە یاساییەکەی بگۆڕێت؛ گوتیشی، "دۆسێکە لە کۆیەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تۆمەتبارەکە رەوانەی کۆیە دەکەنەوە".
 
لەبارەی دۆسێکەوە، پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەگەر زاواکەی کۆیە گرێبەستی هاوسەرگیری هەبێت و بووکەکە لەو ماوەیەی دیار نەبووە لەگەڵ پیاوێکدا سەرجێی کردبێ، ئەوە مادە یاساییەکەی لە 446ـەوە دەگۆڕدرێت بۆ 377".

 

 
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، ئەگەر مادەکە بگۆڕدرێت بۆ 377 کە تایبەتە بە ناپاکیی هاوژینی، بووکەکە لە نێوان دوو بۆ سێ ساڵ بە زیندانیکردن سزا دەدرێت.
 
لەبارەی مادەی 446ـەوە شاڵاو ئەبوبەکر گوتی، ئەو مادەیە "ئاسانە" و رەنگە 3 بۆ شەش مانگ زیندانی بکرێت؛ گوتیشی، "بەو مادەیە رەنگە دادوەر سەیر بکات کە کچەکە پێشینەی هاوسەرگیریی نەبێ، زیندانی نەکات، ساڵێک سزای بدات، بەڵام نەخرێتە زیندانەوە".
 
پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی نێوەڕۆک و ئەنجامی دۆسێیەکە، دادوەر بڕیار دەدات و لەوانەیە هەردوو مادەی 446 و 377ـیشی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
یادگار زاواکە بوو کە بڕیاربوو لەگەڵ بووکەکەدا کە هاوسێی یەکدی بوون لە کۆیە رێورەسمی گواستنەوە ئەنجام بدەن. ئەو پێش دەستگیرکردنی دەستگیرانەکەی لە سۆران بە رووداوی گوت، "شەوان کە دەچوومە دەرەوە 20 تەلەفۆنی دەکرد تاوەکو دەهاتمەوە کە لەتەنیشتی دەڕۆیشتم هەتا دەستی نەگرتمایە دڵی قەناعەتی نەدەکرد، منیش لەگەڵی دەچوومە بازاڕ و پیاسەم پێدەکرد، نازانم چۆن لەگەڵ دایکی ئەو پیلانەیان رێکخست و ماڵیان پێچایەوە و رۆیشتن".         
 
 هەروەها دایکی زاوا گوتی، "پێنج مسقاڵ زێڕم بۆ کردبوو، 3 ملیۆن دیناریشم پێی دابوو، جگە لە شتی دیکەش، ئەوجا گوتی، ماڵی جیام بۆ بکەن، ئەویشمان بۆ کرد".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بەفری وان. وێنە و ڤیدیۆ: AA

یەکەم بەفری ساڵ لە وان باری

تەواوی رۆژ لە پارێزگای وان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەکاندا شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران باری. تەوژمێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە روویکردە شارۆچکەی ئیپەک یۆڵو کە لە دامێنی چیای ئەرەک-ە و یەکەم بەفری ساڵ تێیدا باری.