رووداو دیجیتاڵ
لە سەرتاسەری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و بەدلیس، سێ شارۆچكەی شرنەخ، شارۆچکەیەکی سێواز لە باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفر و نالەباریی کەشوهەواوە بۆ رۆژێک قوتابخانەکان داخران.
قایمقامیەتی شرنەخ لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، لە شارۆچكەی بێشەباب بەفرێکی زۆر باریوە و لە شارۆچكەکانی جزیر و قلەبانیش رێژەیەکی زۆر باران دەبارێت، بەو هۆیەوە رۆژی هەینی، 22ـی ئاداری 2024، قوتابخانەکانی ئەو سێ شارۆچکەیە بۆ ماوەی رۆژێک داخران.
لەلایەکی دیکەوە لە سەرتاسەری پارێزگای بەدلیس و لە شارۆچکەی ئەزبدەر سەر بە پارێزگای سێواز، بەفرێکی زۆر باریوە و بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە ئەمڕۆ قوتابخانەکان ناکرێنەوە.
هەر ئەمڕۆ لە سەرتاسەری پارێزگای جۆلەمێرگ بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، قوتابخانەکان بۆ ماوەی یەک رۆژ داخران.
لەو پارێزگا و شارۆچکانەدا کە پشووی خوێندن راگەیێندراوە، فەرمانبەرانی حکومی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژنانی دووگیان ناچنە سەرکار و ئەو رۆژەیان وەک مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ