رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای مێردین کرا، دەست بەسەر 70 کیلۆ و 400 گرام مادەی هۆشبەردا گیرا، پێنچ کەسیش بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکران.
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی مادەی هۆشبەر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای مێردین، رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024،لە شارۆچكەی رشمل هەڵیانکوتایەسەر چەندین ناونیشان و ئۆتۆمبێلێکیان پشکنی کە چاودێری دەکرا.
تیمەکان دەستیانگرت بەسەر 34 کیلۆ و 100 گرام مادەی میتامفیتامینی رەق، 36 کیلۆ و 300 گرام مادەی میتامفیتامینی شل و 28 کیلۆ مادەی کیمیایی کە بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێندرێت.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەروەها پێنچ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکران و بەمەبەستی لێپرسینەوە و جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگا کران. بەبڕیاری دادگە سێ کەسیان خرانە زیندانەوە و دوو کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە تورکیا زیادیکردووە.
بە گوتەی عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا، ساڵی رابردوو لە تورکیا، نزیکەی 12 تۆن ماددەی هۆشبەر لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ