رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، دیاریکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە مافی خۆیان دەزانن، ئاماژە بەوەش دەکات، ''یەکێتی لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە کە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەن، دانوستاندن دەکات.''
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-12-2023) زیاتر لە هەزار سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بە دەست دەژمێردرێنەوە، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند ''ئەمە کاریگەری لەسەر دەنگی یەکێتی دەبێت و، رەنگە ژمارەی کورسییەکانی لە کەرکووک ببێتە شەش.''
ستران عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، یەکێتی و هەندێک لایەنی سیاسی لە کەرکووک بەهۆی هەبوونی کێشەی تەکنیکی لە پرۆسەی دەنگدان، سکاڵایان تۆمارکردووە، گوتیشی ''بەشێکی سکاڵاکان پەیوەندییان بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە هەیە و پێموایە لە ناوچە کوردییەکان ئەم کێشەیە زیاتر بینراوە، ئەمەش خەڵکێکی زۆری لە دەنگدان بێبەش کردووە.''
هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیێندراوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان، تاڕادەیەک سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکان دەرکەوتووە و کۆمیسیۆن ئەنجامی رێژەی 94.4٪ـی دەنگەکانی ئاشکرا کردووە. ستران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، دڵنیان کە دەنگی یەکێتی بەتایبەتی لە کەرکووک زیاد دەکات، ''بەڵام لەبارەی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانمانەوە، بابەتەکە بە تەواوی روون نییە.''
بەگوێرەی ئەو ئەنجامانە، کورد لە کەرکووک حەوت کورسی، لایەنە عەرەبییەکان پێنج کورسی، تورکمان دوو کورسی و بزووتنەوەی بابلیوونیش یەک کورسی بەدەستهێناوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە مافی خۆمان دەزانین، چونکە قووڵایی دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک هی یەکێتییە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش دەرخەری ئەمەیە.''
تائێستا یەکێتی لە کەرکووک 139 هەزار و 373 دەنگی هێناوە، بەمەش وەکو هێزی یەکەم لە پارێزگاکە دیاری دەکرێت، ستران عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار پێوستییان بە دانوستاندن لەگەڵ پارتی، لایەنی کورد و لایەنە سیاسییەکانی براوە هەیە و پێویستە بۆ ئەم مەبەستەش پێکەوەیی بپارێزرێت.
رۆژی 16ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت و لە 18ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. کە هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیێندراوە.
''رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی باشتر بکات''
بڕیارە 25-02-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەکەی دیاریکراوە. بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و حیزبەکەی لەسەر هەڵبژاردن دیارینەکراوە، جەختی لەوەش کردەوە، ''ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کاریگەریی لەسەر گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، رەنگە نزیکیشیان بکاتەوە.''
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووەتەوە و لە رۆژی 07-11-2023 لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە. ستران عەبدوڵڵا گوتی ''پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە و یەکێتی بەردەوام ئامادەی گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکانە، بەڵام [کۆبوونەوەکان] تائێستا پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆیەوە نەبینیوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ