رووداو دیجیتاڵ
دوو ماتۆڕسوار لە هەولێر خۆیان بە دارێکدا کێشا و یەکێکیان گیانی لەدەستدا؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەوەی دیکەیش بە سەختی بریندارە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکدایە.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 02-04-2025 لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر، نزیک وەزارەتی ناوخۆ روویداوە. رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە بەردەم دادپزیشکیی هەولێر رایگەیاند، ''هەردوو ماتۆڕسوارەکان گەنج بوون و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی ماردین محەممەد عەبدوڵڵایە و تەمەنی 18 ساڵە، کارمەندی کۆمپانیایەکی حەواڵەی دراو بووە.
کەسوکاری ماردین تەرمەکەیان لە دادپزیشکیی هەولێر وەرگرتووەتەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی هەولێر بەخاکی بسپێرن.
بەگوتەی رەنجە جەمال شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەش کە ناوی بەڵێنە، بە هەمانشێوە کارمەندی کۆمپانیای حەواڵەی دراو بووە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر، لەژێر چاودێریی چڕدایە.
بەشێک لە ماتۆڕسوارەکان پابەندی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ نابن، لەوانەش بەکارهێنانی کڵاو و دەستکێش وەکو مەرجی سەلامەتی و دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕین.
2ـی شوباتی 2025، تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونێکی وردی بۆ بابەتی ماتۆڕسکیلەکان کرد. لە بەدواداچوونەکەدا دەرکەوت، 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان ماتۆڕسکیل تۆمارناکرێت، زۆربەی ئەوانەی دەهێنرێن بە قاچاخ هاوردە دەکرێن و لێرە پارچەکانیان دەبەسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ