رێبوار تاڵەبانی: دوو مانگە حکومەتی عێراق پێکهاتووە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ خواستەکانی کورد نەنراوە

21-12-2022
هیدایەت جان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری مادەی 140 دەڵێت، "تا ئێستا کورد زیاتر لە 300 پەرلەمانتاری ناردووەتە بەغدا و ئەو هەموو پێشێلکارییەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، یەک سکاڵایان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار نەکردووە" و دەشڵێت: "دوو مانگە حکومەتی نوێ لە عێراق دەستبەکاربووە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانی کورد نەنراوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 21-12-2022، رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری مادەی 140 میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە ساڵی 2018 ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە و ئەندام پەرلەمانەکانی ئەو پارێزگایانە بوون بە نوێنەری خواستی خەڵکەکەیان، لە کەرکووک لەکۆی 13 پەرلەمانتار، شەش پەرلەمانتاری کورد دەرچوون و ئەوان بەرپرسبوون بۆ رێگری لە وەرگرتنەوەی پۆستە ئیدارییەکان لە کورد، بەڵام بێ هەڵوێست بوون." 
 
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "سەرۆککۆماریش لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک روویاندا، هەڵوێستی نەبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو رووەوە کەمتەرخەم بوو بەوەی هیچ سکاڵایەکی دەستووری لە دادگەی فیدراڵی بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە تۆمارنەکرد." 
 
لەبارەی جێبەجێکردنی مادەی 140، ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر هەموو کورد یەکدەنگ و یەک لیستیشبێت، بەغدا مادەی 140 جێبەجێناکات، لە بەرنامەی کاری سوودانیدا تەنیا یەک رستە باسکراوە کە ئەویش دەڵێت گفتوگۆیەک دروستدەکەین و باسی چارەسەرکردنی کێشەکە نەکراوە. میدیا عێراقییەکان بە شیعە و سوننەوە دەڵێن ئەوان لە ژێر فشاردا ناچاربوون بە داواکارییەکانی کورد رازیبن." 
 
رێبوار تاڵەبانی گەشبین نییە بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کورد لە کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق چەسپاندوویەتی و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەهاوێژراوە، دوو مانگە حکومەت دامەزراوە، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان تەنیا بە یەک نووسراو دەتوانێت داوای چۆڵکردنی بارەگاکان لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بکات و نەیکردووە." 
 
بە گوتەی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: "ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراق کراوە، دوایین چانسی رژێمی سیاسیی عێراقە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەمەی دەزانی بۆیە بە هەموو داواکانی کورد و سوننە رازیبوو، بەڵام ئەگەر وەکو کابینەکانی پێشوو فرتوفێڵ بەکاربهێنێت، ئەمجارەیان بۆی ناچێتەسەر، لەبەر ئەوەی سەدریش 73 پەرلەمانتاری نەکشاندەوە بۆ ئەوەی لە دوورەوە سەیری درامای حکومەتی سوودانی بکات." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.