رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی چوار رۆژدا نزیکەی 160 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵی بازاڕی گەرمیانیان کردووە. سەرپەرشتیاری کارەکانی فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، بەهۆی ژمارەی سەردانکاران و لەسەر داوای خاوەن کارەکان، فێستیڤاڵەکە دوو رۆژ درێژکرایەوە.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023 عومەر نەجم، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بازاڕی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە لە چوار رۆژەوە بۆ شەش رۆژ درێژکراوەتەوە. بەهۆی کەشوهەوا، دوێنێ و ئەمڕۆش بەڕێوەناچێت، بەڵام چوارشەممە و پێنچشەممە بەردەوام دەبێت."
لە 16ـی تشرینی دووەمی 2023 لە گەرمیان چوارەمین فێستیڤاڵی بازاڕ دەستیپێکرد، پار فێستیڤاڵەکە تەنیا چوار رۆژ بەردەوام بوو و بە بەهای ملیارێک و 250 ملیۆن دینار کەلوپەل و پێداویستیی تێدا فرۆشرا.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، درێژکردنەوەی کاتەکە لە چوار بۆ شەش رۆژ بەهۆی پێشوازیی هاووڵاتییان و لەسەر داوای خاوەن کارەکانە. دەشڵێت، تەنیا لە چوار رۆژ نزیکەی 160 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاکەیان کردووە "لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە گەشتیارمان هەبووە."
عومەر نەجم گوتی، پلانی ئەوان پێشوازیکردن بووە لە 200 هەزار گەشتیار، بەڵام ئەمساڵ بۆ یەکەمجار گەشتیاران لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەکو سەلاحەدین، دیالە و کەرکووک بە گرووپ بەشدارییان کردووە و چاوەڕوانن لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا ژمارەی سەردانکاران زیاتریش ببن.
لەبارەی نرخی "کۆشکەکان" کە باس لەوەدەکرا ئەمساڵ نرخەکان زیادکراون و خاوەن کارەکانیش ناچاربوونە نرخی کەلوپەلەکانیان زیاد بکەن، عومەر نەجم دەڵێت، "بە گشتی 400 خاوەن کار بە 315 کۆشکەوە بەشدارییان کردووە، نرخەکانیش بەگوێرەی کارەکانە، بۆ نموونە؛ گرووپی خانمانی دەستڕەنگین هەن کە ئەوانە مەترێک بە 1500 دینار پێیان دراوە بۆ کۆشکێک و دەکاتە 32 هەزار دینار، کۆشکی خواردنیش مەتری دوو هەزارە و ئەوانی دیکەش بەگوێرەی شوێنەکان دەگۆڕێت."
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بازاڕی گەرمیان گوتیشی، "هێشتا ئاماری دیاریکراو نییە کە بە بەهای چەند شت فڕۆشراوە، ئەوە دوایین رۆژ بەدیار دەکەوێت، بەڵام ئەوەندەی تێبینیمان کردبێت، خەڵک باش شت دەکڕن بۆیە خاوەنکارەکانیش داوایان کردووە کاتەکەی درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی شتی زیاتر بفرۆشن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ