نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرپرسانی پارتی لە هەولێر و سۆران: بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێ: "نێچیرڤان بارزانی، داوای کرد هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن."
 
ئەمڕۆ شەممە، 21ی 9ی 2024، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی رێکخستن پێشوازیمان لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیمان کرد. لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسی لقەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبوونەوە." 
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، "هاوکات نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسان، کادیران و رێکخستنەکانی پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە."
 
رۆژی شەممە، 14/9/2024 نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێک گەیشتە دهۆک، جیا لە بەشداریکردن لە بینینی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان'، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکەدا هەبوو.
 
پشتیوان سادق دەشڵێت، "جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ هەردوو لقی 2ـی هەولێر و لقی 23ـی قەرەچووغ، بەرپرسان، کادران و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری هەولێر و مەخموور کۆبووەوە."
 
هاوکات ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پاری لە فەیسبووک نووسیویەتی: جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان، جه‌ختى لە گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتوو لە سەر بەهێزبوونی پێگە و نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمى كوردستان کردەوە و داواشی کرد هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە.
 
نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی سەردانە سێ رۆژەکەیدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە "بانگەشەی هەڵبژاردن گرنگە بە ئاشتی و ئارامی بکرێ، هەرێمی کوردستان چەترێکە بۆ هەموو لایەنێکی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە ئارامیی کۆمەڵایەتیی و سیاسی."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە