لەگەڵ رەنج؛ لە دهۆک ناوی 700 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراوە و یەک سەنتەری راهێنانی حکومی هەیە

21-08-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی رەنجی ئەم هەفتەیە تایبەت بوو بە دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە سنووری دهۆک
بەرنامەی رەنجی ئەم هەفتەیە تایبەت بوو بە دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە سنووری دهۆک
نیشانەکردن لەگەڵ رەنج ئۆتیزم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە پارێزگای دهۆک ناوی نزیکەی 700 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراوە و تەنیا سەنتەرێکی راهێنانی حکومی هەیە کە توانای وەرگرتنی 100 منداڵی هەیە. دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم دەڵێن، "سەرباری بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، قوتابخانەکان ئامادەنین منداڵەکانمان وەربگرن." دایکی منداڵێک دەڵێت، "قوتابخانە شەڕی دەروونی لەگەڵ ئێمە و منداڵەکانمان دەکەن".
 
رۆژی یەکشەممە 20ـی ئابی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی كەمال جەباری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە ‏كوردستان‏، خالید جەمال، بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان و‏ د. تاهیرە عەبدولرەزاق، پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکانی منداڵان کرد و دۆخی منداڵانی ئۆتیزمیان لە سنووری پارێزگای دهۆک تاوتوێکرد.
 
"حکومەت و پەرلەمان بەڵێنمان پێدەدەن و جێبەجێی ناکەن"
 
سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە ‏كوردستان‏ دەڵێت، دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم لە ژیانێکی ناخۆشدا دەژین و لە زۆر رووەوە گرفتیان هەیە، بۆ گەیاندنی ئەو گرفتانە لە هەموو دەرگەکانمان داوە و زیاتر لە 100 نووسراومان بە شوێنە فەرمییەکان داوە بۆ ئەوەی ئاوڕ لە منداڵانی ئۆتیزم بدرێتەوە، بەڵام بەڵێنیان پێداوین و دواتر لەبیریان کردووە.
 
كەمال جەباری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە ‏كوردستان‏ پێیوایە، ئەگەر کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان 50٪ـی ئۆتیزمی بە کۆمەڵگە ناساندبێت، رووداویش بەتەنیا 50٪ـەکەی دیکە بە کۆمەڵگا ناساندووە و دەڵێت؛ "بۆ گەیاندنی گرفتی منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان، لە هەموو دەرگەکانمان داوە، زیاتر لە 100 نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان، دەستەی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بردووە، بە نزیکەیی هەموویان بەڵێنیان داوە و دواتر هیچیان بۆ نەکردوون."
 
بەپێی یاسا، هەر خێزانێک منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، تەنیا دایک یان باوکی مۆڵەتی پێدەدرێت بە مووچەکەیەوە لەماڵەوە ئاگای لەو منداڵە بێت، کەمال جەباری باس لەوە دەکات کە داوایان لە پەرلەمان کردووە یاساکە هەموار بکەنەوە، لەبەرئەوەی دایک یان باوک بەتەنیا ناتوانێت ئەو بەرپرسیاریێتییە قورسە رابپەڕێنێت و مۆڵەت بە دایک و باوکەکە بەیەکەوە بدرێت.
 
لە یاسای ماف و ئیمنتیازاتی کەمئەندامان، لە مادەی هەشتمدا هاتووە، هەر دایکێکی خاوەن منداڵی ئۆتیزم و کەمئەندام ئەگەر فەرمانبەری حکومەت نەبێت و مووچەی نەبێت، دەبێت مووچەی فەرمانبەرێکی دەوڵەتی پێبدرێت، بەڵام لە 2011ـوە ئەو یاسایە دەرچووە و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
700 منداڵی ئۆتیزم لە دهۆک تۆمارکراون
 
سەگڤان جەمال، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم لە دهۆک رایگەیاند؛ "لە ساڵی 2012ـوە سەنتەری حکومی لە دهۆک راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکات، بەڵام یەک سەنتەر بەتەنیا بەس نییە بۆ ئەو پارێزگایە، پێویستە حکومەت لە هەموو قەزاکاندا سەنتەری راهێنان بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەر دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم هەیە، سووک بێت."
 
بەگوتەی سەگڤان جەمال؛ "لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 700 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم زۆر لەوە زیاترە، ئێمە لە سەنتەرەکەماندا توانای وەرگرتنی 100 منداڵمان هەیە کە زۆربەیانمان دوای تەواوکردنی راهێنانەکان رەوانەی قوتابخانە کردووە و ئێستا 67 منداڵی ئۆتیزممان لایە."
 
"تائێستا زانستی پزیشکی وەڵامی تەواوەتی بۆ هۆکاری ئۆتیزم پێ نییە"
 
د. تاهیرە عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکانی منداڵان لەبارەی منداڵانی ئۆتیزم دەڵێت؛ "بەشێک لەو منداڵانە بەردەوام وشە و رستە دووبارە دەکەنەوە و تاوەکو ئێستاش زانستی پزیشکی بە هۆکاری ئەمەیان نەزانیوە، هەندێکجار کۆمەڵێک دەنگ، گۆرانییەک یان قسەیەک چەند بارە دەکەنەوە، بەڵام زانستی پزیشکی نازانێت هۆی چییە."
 
د. تاهیرە عەبدولڕەزاق پێیوایە، هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی ئۆتیزم لە وڵاتێکدا ئەرکێکی زۆر قورسە و دەبێت لایەنی تەندروستی، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و حکومەت هەمووی بەیەکەوە هاوکاربن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییەکەی.
 
وەکو ئەو دکتۆرە ئاماژەی پێدەدات؛ "لە هەموو پارێزگای دهۆکدا یەک سەنتەری راهێنان بۆ منداڵانی ئۆتیزم دانراوە، کە ئەوەش زۆر کەمە، ئەو سەنتەرە تایبەتانەشی هەن، هیچ چاودێرییەکی پزیشکییان بەسەرەوە نییە و بەڕێوەبەری تەندروستی ئێستا نازانێت ئەو سەنتەرە تایبەتانە چ راهێنانێک بەو منداڵانە دەکەن."
 
لە زاخۆ 170 منداڵی ئۆتیزم هەن
 
محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری لیژنەی ئۆتیزم لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی زاخۆ باس لەوە دەکات "لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 170 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون و رۆژ لەدوای رۆژ فۆرمی نوێ بۆ پشکنین پێشکێش دەکرێت، کە لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنیا 25 منداڵ هاوکاری مانگانە بە بڕی 150 هەزار دینار لە حکومەت وەردەگرن."
 
محەممەد ساڵح دەڵێت؛ "تاوەکو ئێستا سەنتەرێکی حکومی بۆ راهێنانی ئۆتیزم لە زاخۆ نییە و زۆرجار دایک و باوکەکان ناچاردەبن رێیەکی دوور ببڕن و منداڵەکەیان ببەن بۆ دهۆک، بەڵام ئێستا باڵەخانەیەک بۆ سەنتەری ئۆتیزم تەرخانکراوە و لەوانەیە تاوەکو شەش مانگی دیکە تەواوبێت و توانای وەرگرتنی 70 منداڵی ئۆتیزمی هەیە، رەزامەندی بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی دیکەی حکومیش دەرچووە."
 ‏
"ئامارەکانی ئۆتیزم دروست نین"
 
بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان پێیوایە، هیچ یەک لەو ئامارانەی لەسەر ئۆتیزم بڵاودەکرێنەوە دروست نین، "تەندروستی ئامارێکی هەیە و چاودێری کۆمەڵایەتیش ئامارێکی دیکە کە هیچیان لەیەک ناچن."
 
‏خالید جەمال، بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان‏ گوتی؛ "ئەو سەنتەرەی بۆ راهێنانی ئۆتیزم لە دهۆک دانراوە، منداڵی بچووک وەرناگرن، داوامان ئەوەیە منداڵانی سێ ساڵانیش وەربگرن، منداڵ لە شەش ساڵییەوە ببەی بۆ راهێنان، زۆر درەنگە و دەبێ زووتر راهێنانیان پێبکرێت، بەڵام سەنتەری ئۆتیزمی دهۆک تەنیا منداڵ لە تەمەنی شەش ساڵییەوە وەردەگرێت." 
 
بەگوتەی بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان؛ "هیچ ئامارێکی دروست نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند منداڵی ئۆتیزم لە دهۆک هەن، لەبەرئەوەی زۆر کەس هەن ناچن ناوی منداڵە ئۆتیزمەکانیان تۆمار بکەن، ئێستا ئاماری تەندروستی ژمارەیەکە و ئاماری چاودێریی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکی دیکەیە".
 
"پلانی پەروەردەیی بۆ ئۆتیزم نییە"
 
دکتۆر بەمۆ نامیق، شارەزا لە بواری ئۆتیزم دەڵێت؛ "دەبێ گشتگیرانە لە پرسی ئۆتیزم بڕوانین، ناکرێ لێرە قوتابخانەیەک چارەسەر بکەیت و سەنتەرێک دابنێیت و پێتوابێت کێشەکە چارەسەر بووە، لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا، هەموو قوتابخانەیەک بەشی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە و کەسێکیان بۆ منداڵی ئۆتیزم دامەزراندووە لە قوتابخانە ئاگای لێیبێت، هاوکات مامۆستایەکی دیکەش دانراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەم مامۆستایە بکات."
 
دکتۆر بەمۆ نامیق دووپاتیکردەوە؛ "لە بەریتانیا لە هەر پۆلێکدا کە منداڵێک یان چەند منداڵی ئۆتیزمی تێدابێت، دایک و باوکی سەرجەم منداڵەکانی دیکە کۆدەکەنەوە و وێنەی ئەو منداڵەیان پێشاندەدەن و دەڵێن ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە، فێریان دەکەن کە ئەو منداڵەیان بینی بە چ شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن، بەدەر لەوە هیچ قوتابخانەیەک لەو وڵاتەدا نییە، بتوانێت منداڵی ئۆتیزم رەت بکاتەوە."
 
 
وەکو دکتۆر بەمۆ ئاماژەی پێدەدات؛ "دەبێ پرسی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بە یەک یاسا رێکبخرێت. ئێمە کێشەمان لە دەستنیشانکردنی ئۆتیزم و پلانی پەروەردە هەیە، منداڵ دەبەیتە لای دکتۆر بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتیزم، یان ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی تەندروستی داندراوە، دوو خولەک منداڵەکە دەبینێت و بڕیار دەدات، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا دەستنیشانکردنی ئۆتیزم چەند مانگێک دەخایەنێت و دەبێ پێنج بۆ شەش پسپۆڕی جیاواز بیبینێت، ئینجا بڕیار دەدرێت کە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یان نا."
 
دکتۆر بەمۆ نامیق دەڵێت؛ "ئەگەر حکومەت پلانی پەروەردەیی هەبێت و لە هەموو قوتابخانەیەکدا بەشی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکاتەوە، ئیتر پێویستیمان بەو سەنتەرانە نامێنێت کە بازرگانی دەکەن، ئێستا کەسانێک هەن هیچ پسپۆرییەکیان لە ئۆتیزم نییە، بەڵام بەناوی چارەسەریی ئۆتیزم سەنتەر دەکەنەوە و لەسەر دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم پارە پەیدا دەکەن."
 
"تا ئێستاش قوتابخانەکان منداڵی ئۆتیزم وەرناگرن"
 
دایکی کوڕێکی ئۆتیزم کە لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو، باسی لەوە کرد لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەک بۆ منداڵانی ئۆتیزم نییە و گوتی؛ "مێردەکەم کرێکارە، خانووەکەمان فرۆشتووە بۆ ئەوەی خەرجی منداڵەکەمان دابینبکەین، بردوومانەتە سەنتەری تایبەت و مانگانە پارەیەکی زۆری لێ خەرجدەکەین، سەنتەرەکانی حکومەت وەکو شێت مامەڵە لەگەڵ منداڵی ئۆتیزمدا دەکەن. منداڵی ئێمە شێت نییە، بۆ دەبێ ئاوا رەفتاریان لەگەڵ بکرێت! لە قوتابخانە وەرناگیرێن و هیچ شوێنیک نییە هاواری خۆمانی بۆ ببەین."
 
 
باوکی منداڵێکی ئۆتیزمیش دەڵێت؛ "نە حکومەت هاوکاری منداڵانی ئۆتیزم دەکات و نە نەخۆشخانە حکومییەکان، منداڵمان دەبەین بۆ سەنتەری تایبەت راهێنانی پێ بکەن، مانگانە زیاتر لە 600 هەزار دەدەین، ئەوە بێجگە لە دکتۆر و دەرمان و سەتان خەرجی دیکە، دوو ساڵە منداڵەکەم دەبەم بۆ قوتابخانەکان و هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نییە وەریبگرێت."
 
هاوکات دایکی کوڕێکی ئۆتیزمیش گوتی "تاوەکو منداڵێکی ئۆتیزمت نەبێت، نازانی ئێمە باسی چ ئازارێک دەکەین، پارەیەکی زۆر دەدەین بە سەنتەرەکانی راهێنانی منداڵی ئۆتیزم و دواتر کە کاتی قوتابخانەیان دێت، کەس ئامادە نییە وەریبگرێت. ئێستا ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە داویەتی بۆ وەرگرتنیان، جێبەجێ ناکرێت."
 
 
ئەو دایکە گوتی؛ کوڕەکەم بردووە بۆ قوتابخانە و دەڵێن مامۆستای تایبەتمان نییە، دەبێت خۆت لەسەر گیرفانی خۆت مامۆستایەکی بۆ بگری لەگەڵی بێتە قوتابخانە، من خۆم دوو ساڵ لەسەر رەحلەی قوتابخانە لەگەڵ کوڕەکەم دانیشتووم، ئەمساڵ پێیانگوتووم دەبێت مامۆستای بۆ بگری. کێشەکە ئەوەیە، ئەو قوتابخانانەش کە منداڵی ئۆتیزم وەردەگرن، شەڕی دەروونی لەگەڵ خۆمان و منداڵەکانماندا دەکەن، بە دەیان شێوە بیانوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەروونمان ئازار بدەن."
 
دایکی منداڵێکی دیکەی ئۆتیزم بە گریانەوە دەڵێت؛ داواکارم حکومەت منداڵەکانمان لە قوتابخانە وەربگرێت، پەیمانگایەکی پیشەیی بۆ منداڵانی ئۆتیزم بکاتەوە، کوڕەکەی من ئەوا دەبێتە 15 ساڵ، با پیشەیەکی فێربکەن، من و باوکی هەتا سەر زیندوو نین، با بتوانێ دوای ئێمە درێژە بە ژیانی بدات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."