رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئامادەکارییەکانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ، سعودیە پێدانی ڤیزەی بۆ رێوڕەسمی عومرە راگرت. حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەوانەی ڤیزەی سعودیەیان هەیە دەبێت تاوەکو 13ـی ئەم مانگە گەشتەکانیان بکەن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیاری سعودیە، پێدانی هەموو جۆرەکانی ڤیزەی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان راگیرا، مەگەر ئەوانەی پێشتر ڤیزەیان وەرگرتبێت بتوانن گەشت بکەن".
کاروان ستوونی گوتی، هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان پێشتر ڤیزەی سعودیەی وەرگرتبێت، دەبێت تاوەکو 13ـی نیسان گەشتەکەی بکات، ئەگەر دوای بخات رێگەی گەشتی پێنادرێت. گوتیشی: "ئەوانەشی دەگەنە سعودیە، دەبێت 29 بۆ 30ـی نیسان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان".
ساڵی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەوە بەبێ رێکارە تایبەتەکان و بە ڤیزەی گەشتیاری یان ڤیزەی ساڵی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە. کاروان ستوونی دەڵێت: "بەگوێرەی بڕیارەکانی سعودیە، ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە".
"راهێنان بەو کەسانە دەکرێت کە دەچنە حەج"
کاروان ستوونی گوتی، لە 16ـی ئەم مانگەوە بەگوێرەی پلانی بەردەستیان، راهێنان بەو هاونیشتمانییانە دەکەن کە ناویان گەڕاوەتەوە و ئەم ساڵ دەچنە سعودیە بۆ بەجێهێنانی رێوڕەسمەکانی حەج.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "گەشتی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 10 بۆ 15ـی مانگی پێنج دەستپێدەکات و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکانین.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کرا. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەمساڵ کە لە 25-09-2024، تیروپشک کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ