رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە. ئەو قەدەخەکردنە لە 16ی تشرینی دووەمی 2016ەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک كه لهلایهن پارێزگای جۆلەمێرگەوە بڵاوكراوهتهوه، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023ـەوە تاوەکو 5ـی تەممووزی داهاتوو بۆ ماوەی 15 رۆژ هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان، مانگرتن و چالاكییەکی دیکە قهدهخەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوهى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى خەڵکی ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو" بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە دراوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی قەدەخەکردنەکە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رێگرییە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا"، ئەوە لە کاتێکدایە تووشبوون بە کۆرۆنا لە تورکیا و باکووری کوردستان، تەنانەت جیهانیش بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێ.
لە سنووری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و وانی باکووری کوردستان، دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی تورکیا لە 16ی تشرینی دووەمی 2016ەوە و بەپشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلیف و جیم لە مادەی 11ی یاسای ژمارە 5442ی بەڕێوەبردنی شارەکان و مادەی 17ی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، لە ناوەندی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایانە، هەموو جۆرە خۆپێشاندان و گردبوونهوه و چالاکییەکی هاوشێوە قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ