فراکسیۆنی پارتی داوا لە پەرلەمان دەکات کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە

21-05-2023
هیدایەت جان
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە دوو بڕگە بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمان زیادبکرێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی یەکشەممە 21-05-2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵانەی حیزبەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا داویەتی و دەشڵێت، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە دوو بڕگە بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمان زیادبکرێت.
 
زانا مەلا خالید دەڵێت، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان خواستی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووە و پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان دوو بژاردەیان لەبەردەم بووە، یەکەمیان دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بکەونە بۆشایی یاساییەوە، بژاردەی دووەمیش ئەوەبوو پارتی و هاوپەیمانەکانی لە پەرلەمان و حکومەت دەست ببەین بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان. 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دووپاتیدەکاتەوە: دوای درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان، هەوڵەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستاش بوون بە کۆسپ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان.
 
بەگوتەی زانا مەلا خالید، "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی هەوڵماندا رێکبکەوین لەسەر شێوازی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکان داوایانکرد کۆمیسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، وەکو خۆی کارا بکرێتەوە." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن رازی بووە و دەشڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیازیان کرد، هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە چوار بازنەیی و سیستمی لیستی بەربژێرەکان بکرێت بە 50 بە 50، بۆ ئەوەی شێوازی دەستنیشانکردنی بەربژێر نیوە بە نیوە بێت و بەکارهێنانی سیستمی بایۆمەتری عێراقی و تۆماری دەنگدەرانی عێراق بکرێت بە بنەما و دابەشکردنی ژمارەی کوردسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا لەسەر بنەمای سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عێراقبێت و ئەوانیش "تەنیا لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بە هەموو ئەو داوایانە رازیبووین."
 
لەبارەی ناکۆکییەکان لەسەر کورسی پێکهاتەکان، زانا مەلا خالید دەڵێت، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر 100 کورسی رێککەوتوون و ئەوەی ماوەتەوە 11 کورسی پێکهاتەکانە کە رای جیاواز لەنێوان ئەوان و یەکێتی لەسەر ئەو پرسە هەیە. "پێمانوایە ئێمە و یەکێتی نابێت ئەو مافە بەخۆمان بدەین لەسەر کورسی پێکهاتەکان بڕیار بدەین."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، بەهۆی رێکنەکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی لەبارەی کورسی پێکهاتەکان؛ هەست دەکەن بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستدەبێت و دووپاتیدەکاتەوە، "بەرپرسیارێتی 45 ئەندامی پەرلەمانی پارتی زیاترە لە لایەنەکانی دیکە بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان." 
 
زانا مەلا خالید گوتی، "پارتی دیموکراتی کوردستان هەر هەنگاوێک لە پەرلەمانی کوردستان بنێت، بۆ ئەوەیە بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستنەبێت کە ئەمە بە بەرپرسیارێتی خۆمان و هاوپەیمانەکانمانی دەزانین." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، داوامان کردووە بۆ دانیشتنی سبەی دووشەممە 22-05-2023 دوو بڕگە لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە زیادبکرێت کە یەکێکیان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانە و بڕگەی دووەم خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازە یاسایانەی لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراون. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 01-10-2022ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام حیزبەکان نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
 
دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە.
 
بەگوێرەی ئەو پێشنیازە یاسایەی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەنگیان پێداوە، پێویستە لە ماوەی ئەو وادەی بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان دیاریکراوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکرێت.
 
جارێکی دیکە رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
رۆژی 11-05-2023 سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن." 
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن." 
 
پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رۆژی سێشەممە 16-05-2023 شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند "هاوڕان لە پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە