رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی داڤۆس، ئەمڕۆ شەممە بەرەو سویسرا بەڕێکەوت. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت کە ئەمڕۆ شەممە 21-05-2022 بڵاوکرایەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس بەرەو سویسرا بەڕێکەوت و بڕیارە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، بەشداری لە پانێلێکدا بکات بە ناونیشانی "پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".
هەروەها لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا کە لە رۆژانی 22 تاوەکو 26ـی ئایار بەڕێوەدەچێت، هەروەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتیشدا ئاماژەی پێکراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان و خاوەنکاران و ئابووریناسانی ناوچەکە و جیهان دەبێت.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوايين گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، گرنگیی پێشخستن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ