رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە شارۆچکەی جزیر سەر بە پارێزگای شرنەخ، سێ کەس بە تۆمەتی ئەوەی بەردیان لە پۆلیس گرتووە، دەستبەسەرکران.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رۆژی چوارشەممە 20ـی ئاداری 2024 لە شارۆچكەی جزیر سەر بە پارێزگای شرنەخ ئاهەنگی نەورۆزی رێکخست و عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی بەشداری لە ئاهەنگەکەدا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، دوای کۆتاییهاتنی ئاهەنگەکە، تیمەکانی پۆلیسی تورکیا سێ هاونیشتمانیان دەستبەسەرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی بەردیان لە پۆلیس گرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دوێنێ لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 139 کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە پەکەکە دەستبەسەر کرد.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە بەرەبەیاندا لە پارێزگاکانی ئامەد، رووها، ئەردەخان، ئێلیهـ ، شرنەخ، ئەرزەڕۆم، مووش و وان ـی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی کرکڵارئەلی، ئیزمیر، بورسا، ئانتاڵیا، دەنیزلی، ئیستەنبووڵ و ئادانا ـی تورکیا هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ناونیشان و بە تۆمەتی ئەندامیێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و گوتنەوەی درووشم بۆ پەکەکە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز، 139 کەس دەستبەسەرکراون.
لە تورکیا رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە پەکەکە، خەڵکی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن. بەر لە هەڵبژادنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداری ئەمساڵ بکرێت، هەڵمەتەکانی دەستبەسەرکردن و گرتن زیادیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ