لە چەمچەماڵ 172 رووفاتی ئەنفالکراوان بەخاک دەسپێردرێن

21-02-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رێوڕەسمێکدا لە چەمچەماڵ 172 رووفات لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بەخاک دەسپێردرێن. نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبیرنەکردنی قوربانیان و داواکردنی مافی کەسوکاری ئەنفالکراوانە".
 
ئەمڕۆ 21ی شوباتی 2024، ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە چەمچەماڵەوە رایگەیاند، "بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی بیانی، 172 رووفاتی ئەنفالکراو لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاک دەسپێردرێن."
 
لە رێوڕەسمەکەدا، زیرەک کەمال، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو و گوتی، "بەناوی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری ئەم مەراسیمە خەمناکە دەکەین؛ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی زیاتر لە 170 رۆڵەی ئازیزی وڵاتەکەمان کە بەزیندوویی گیران و دواجار زیندەبەچاڵ کران. هاتووین پرسە و هاوخەمیی خۆمان بە بنەماڵەی شەهیدان رابگەیێنین."
 
ئەو رووفاتانە ساڵی 2019 لە ناوچەی تلشێخی پارێزگای سەماوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە. سەرجەمیان منداڵی ئەنفالکراوی سنووری چەمچەماڵن. دوای دەرهێنانیان برانە پزیشکی دادی بەغدا، بەهۆی ئەنجامنەدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان، هێنانەوە و بەخاکسپاردنیان ماوەی 5 ساڵ دوا کەوت.

 

 
نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیویست لە رێوڕەسمەکەدا خۆی بەشدار ببێت، بەڵام بەهۆی لێرەنەبوونی کە پێویستییەکی بۆ دروست بووە، بە نوێنەرایەتی جەنابی بەشدارین. پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بەردەوامن، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کار و ئەرکەکانیان. هیوادارین تەرمی هەموو رۆڵەکانی کوردستان بە زێدیان شاد ببنەوە".
 
لەبارەی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دووپاتی کردەوە، "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبیرنەکردنی قوربانییانە و داواکردنی مافی کەسوکاری ئەنفالکراوانە".
 
چەند جارێک کەسوکاری ئەنفالکراوان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لە سستی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. چونکە دوای 20 ساڵ لە رووخانی رژێمی سەدام، زیاتر لە 182 هەزار ئەنفالکراو تەنیا رووفاتی 3672 کەسیان گەڕاندووەتەوە کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".