رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەنیا لە یەک بەنداو و 30 پۆندی پارێزگاکە، زیاتر لە پێنج ملیۆن مەترسێجا ئاو گلدراوەتەوە، بەڕێوبەری بەشی بەنداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، زۆرترین ئاو لە پارێزگای دهۆک گلدراوەتەوە.
شەوی دووشەممە، 20-11-2023، پارێزگای هەولێر رایگەیاند ئەو بەنداو و پۆندانەی لەو ماوەیەدا دروستکران، مەترسیی دروستبوونی لافاویان کەمکردەوە. راشیگەیاند "لە ماوەی 24 کاتژێری رابردوودا بەهۆی ئەو بارانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە، تەنیا لە بەنداوی چەمرگە و 30 پۆندی دیکە کە لەم ماوەیەدا دروستکراون، پێنج ملیۆن 500 هەزار مەتر سێجا ئاو گلدرایەوە.''
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، بەنداوی چەمرگە پڕ بووە لەئاو و یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە. 16 پۆندی دیکە لەوانە پۆندەکانی کاریتان، دووشیوان، کەردز، هەرەجە و چەند پۆندێکی دیکە، پڕبوون و سێ ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاویان تێدا گلدراوەتەوە. هەروەها 14 پۆندی دیکەش 50% پڕ بوون و یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا گلدراوەتەوە.
جگە لەو 30 پۆندانە، کە تەواو بوون، 28 پۆندی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت، کە بە تەواوبوونیان دەتوانرێت 11 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبدرێتەوە.
دژوار فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی بەنداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی بارانی ئەم هەفتەیە، تاوەکو ئێستا زۆرترین ئاو لە پارێزگای دهۆک، پاشان لە هەولێر و ئینجا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە گلدراوەتەوە."
دژوار فەتحوڵڵا گوتیشی "گلدانەوەی ئاو و بارانبارینی زۆر، دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. لە هەمانکاتدا بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی زۆرە".
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە هەندێک شوێن لە ماوەی 12 کاژێردا زیاتر لە 50 مللیمەتر باران باری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ