فوئاد حوسێن: بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت

20-11-2023
ژیڤان بەکر
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا، باسی لە شەڕی غەززە و ئەگەری بەرفراوانبوونی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکە کرد.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "بەردەوامبوونی شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا. سەبارەت بە بارودۆخی شەڕی غەززە، حکومەتی عێراقی داوا دەکات دەستبەجێ شەڕ بووەستێت. بەشێوەیەکی گشتی، رێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بکرێنەوە. هەروەها دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان دابمەزرێت، لەسەر بنەمای مافی فەلەستینییەکان چارەیان دیار بکرێت. ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دامەزراندنی سندووقێکی یارمەتی بۆ غەززە دابندرێت".
 
لەبارەی روانینی عێراقییەکان سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل-حەماس، وەزیری دەرەوە باسی لەوە کرد، "دوو ئاڕاستەی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەن، ئەو دوو ئاڕاستەیە پەیوەندییان بە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە هەیە. هەندێکیان دۆخەکە بە بوونی هێزە بیانییەکان گرێ دەدەن بەتایبەتی هێزی هاوپەیمانان و راوێژکارانی ئەمریکی. ئاڕاستەی دیکەش هەن پێیانوایە گرێدانی دۆخی غەززە بە عێراق کێشە بۆ ناوخۆی عێراق دروست دەکات. هاوکات ئەم کێشانەش کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دۆخی کوردستان".
 
بە گوتەی فوئاد حوسێن، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمیی، عەرەبیی، ئیسلامیی، ئەوروپیی بۆ ئەوەی بڕیاربەدەستانی واشنتن گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕی غەززە. ئەو دەڵێت، "بەستنەوەی عێراق بە شەڕەکە، کاریگەریی خراپی بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا دەبێت. پێویستە حکومەتی عێراقی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ بڕیاردەرانی واشنتن، تاوەکو شەڕی ئیسرائیل بووەستێنن. ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت و نەوەستێت".
 
44 رۆژە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
 
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
 
فوئاد حوسێن لە درێژەت گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی ریشەیی نەبووە بۆ دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێویستی بە هەنگاوی ژیرانە هەیە. بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، پێویستمان بە کۆدەنگی و کارکردنی پێکەوەیە. ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، هەندێ کێشەی ئابووریشمان دێنە بەردەم، لەوانەیە کێشەی کۆمەڵایەتیش بێتە پێشمان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."