سادق زیباکەلام: بەدووری دەزانم ئێران لەشکرکێشی بکاتەسەر هەرێمی کوردستان

20-11-2022
هیدایەت جان
د. سادق زیباکەلام، نووسەری ئێرانی میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات
د. سادق زیباکەلام، نووسەری ئێرانی میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نووسەرێکی ئێرانی دەڵێت: "ئێران دەیەوێ خەڵکی وڵاتەکەی بەو جۆرە تێبگەیێنێت کە هۆکاری ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانەی وڵاتی گرتووەتەوە ئۆپۆزیسیۆنی کوردن و لە هەرێمی کوردستانەوە چەک و پارە و هێز دەنێرنە ناوخۆ، بەڵام خۆشی بڕوا بەو قسەیەی خۆی ناکات" و لەبارەی ئەگەری هێرشی زەوینیی سوپای پاسدارانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەدووری دەزانم سوپای پاسداران هێرشی وشکانی بکاتەسەر هەرێمی کوردستان".
 
رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، د. سادق زیباکەلام، نووسەری ئێرانی میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات، گوتی: "سەرەتای رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، پێم وابوو لەکاتی بەخاکسپاردنی لە سەقز هەندێک دروشم دەگوترێتەوە و بابەتەکە کۆتاییدێت؛ هەرگیز پێم وانەبوو ئەو ناڕەزایەتییانە دوای سێ مانگ وەک ئاگرێک تەشەنە دەسەنن. هەرکەسیش ئەوەی گوتبا دەمگوت بۆچوونێکی هەڵەیە، ئەگەر راستگۆبم، دەبێ بڵێم هەمووان لە بەردەوامیی ئەم ناڕەزایەتییانە پەشۆکاون".
 
د. سادق زیباکەلام دەڵێت: "هیچ نیشانەیەک نابینرێت کە بڵێین کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ سەبارەت بەو خۆپێشاندانانە ئاڵوگۆڕییەک بکات یان خۆپێشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر داناوە و دەیەوێت هەندێک بڕیار بدات. ئەوە زۆر جێگەی نیگەرانییە کە هیچ ئاماژەیەک نییە بڵێت حکومەت تێگەیشتووە و هەر ئەو قسە دووبارانەیە کە دەڵێ ئەوانە ئەمریکییەکانن، شاپەرستەکانن، موجاهیدینن، کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانن و ئێمە گلەییمان لە هەولێر هەیە کە بۆچی پێشیان ناگرێت و...".
 
ئەو نووسەرە ئێرانییە پێیوایە ئەو خۆپێشاندانەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەرچەرخانێکی نوێیە و دەڵێت: "نە لە خۆپێشاندانەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 و نە لە ساڵی 2017 و نە لە 2019 هیچکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رۆژئاوا ئەوەندەی ئێستا خێرا کاردانەوەیان نەبووە، هەر لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیاوە بیگرە تاوەکو دەگاتە کەنەدا و ئوسترالیا و ئەمریکا. هەموو ئەو وڵاتانە کاردانەوەیان زۆر جیاوازتر بووە لە رابردوو، چ بۆ پەراوێزخستنی کۆماری ئیسلامی و چ بۆ پشتیوانی لەو جووڵانەوە جەماوەرییە".
 
بە بۆچوونی د. سادق زیباکەلام، مامەڵەی حکومەت لە سیستان و بەلووچستان و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر تووندتر بووە بەرامبەری شارە زۆرینە فارسی قسەکەرەکان و دەڵێت: "لەو شوێنانە راستەوخۆ تەقە کراوە، بەڵام لەبەر ئەوە نییە کە دانیشتووانی ئەو ناوچانە سوننەن یان لە تاران و رەشت و ئیسفەهان یان تەورێزیش لەبەر ئەوەی شیعەن نەرمتر لەگەڵیان دەجووڵێنەوە، ئەگەر هاووڵاتییانی کورد و هاووڵاتییانی سوننەی بەلووچ بۆچوونێکی لەو شێوەیان هەیە هەڵەن، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئاستی رق و تووڕەیی لە مهاباد و سنە و سەردەشت و زاهیدان زۆر زیاترە لە تاران و حکومەتیش ئەوە دەزانێت کە ئەگەر لە مهاباد هەنگاوێک پاشەکشێ بکات، خەڵک ئەوەندە تووڕەن شارەکە دەگرن".
 
د. سادق زیباکەلام پێیوایە ستەمی حکومەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ئەوەندەی تاران و ئیسفەهانە و دەڵێت: "من یەکەمجار کە سەرەتای شۆڕشی ئێران سەردانی مهاباد و سنەم کرد، لەوێ وشەی ستەمی چەندبارەم بیست. پێشتر لە سەردەمی رژێمی شا لەگەڵ رێبەرایەتیی دیموکرات لە زیندانی ئێڤین بووم و ئەو دەستەواژەیەم لەوان نەبیستبوو، بەڵام ئەوە راستە و لە کوردستان ستەمی چەندبارە هەیە. ئەو ستەمەی لە تاران هەیە، لە کوردستانیش هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوە ستەمێکی دیکەش لە کوردستان هەیە کە بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵک لە هەڵاواردن و کۆمەڵێک جیاکاری بەرامبەریان کراوە دروستبووە".
 
لەبارەی هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی هێرشی وشکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان، د. سادق زیباکەلام رایگەیاند: "من زۆر بەدووری دەبینم سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی زەوینی بۆ هەرێمی کوردستان بکەن. راستە ئەوان دەیانەوێ وا لە رای گشتی بگەیێنن ئەو گرووپە جوداخوازانەی لە هەولێر و هەرێمی کوردستانن کێشەیان دروستکردووە. دەسەڵات دەڵێ خەڵکی سنە و مهاباد هەندێک ناڕەزایەتییان هەیە، بەڵام پێیان وایە ئەو شتەی خەریکە ناوچەکە گڕ تێبەردەدات هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردن کە لە هەولێر و هەرێمی کوردستانن و لەوێوە پارە و چەک و هێز دەنێرنەوە؛ ئەمە ئەو شتەیە کە سوپای پاسداران دەیڵێت، بەڵام خۆشی بڕوای بەمە نییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا.

کۆنسووڵی ئەمریکا بە کوردی داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن

ستێڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی دەڵێت: "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەران ئامرازێکی گرنگە بۆ دیموکراسییەکی گەشەسەندوو، چونکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی لە داڕشتنی داهاتووی خۆیاندا، دەنگیان هەیە."